[1] بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
[2] بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم، ستایشی ناوت دەکەم، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت، چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
[3] ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت، ئازا و بوێرت کردم.
[4] ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن، کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
[5] گۆرانی بەسەر ڕێگاکانی یەزداندا دەڵێن، چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.
[6] چونکە یەزدان بەرزە و دەڕوانێتە کەسی بێفیز، بەڵام لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
[7] ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت، دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم، بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
[8] یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛ ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە، واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.