Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:00

[1] ئەی یەزدان، گوێ لە قسەکانم بگرە، لە ناڵەم وردبەرەوە.

[2] گوێ لە هاوارم بگرە، ئەی پاشا و خودام، چونکە لێت دەپاڕێمەوە.

[3] ئەی یەزدان، بەیانییان گوێ لە دەنگم دەگریت، بەیانییان خۆم ئامادە دەکەم بۆ نوێژکردن و چاوەڕێ دەکەم.

[4] چونکە تۆ خودایەک نیت خراپەت پێ خۆش بێت، بەدکار لەگەڵت نیشتەجێ نابێت.

[5] لووتبەرزەکان لەبەرچاوت ناوەستن، ڕقت لە هەموو بەدکارێک دەبێتەوە،

[6] ئەوانەی بە درۆ قسە دەکەن تۆ لەناویان دەبەیت، یەزدان قێزی لە کەسی خوێنڕێژ و فێڵباز دەبێتەوە.

[7] بەڵام من، بەهۆی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، دێمە ناو ماڵی تۆ، بە ترسی تۆوە بەرەو پەرستگا پیرۆزەکەت کڕنۆش دەبەم.

[8] ئەی یەزدان، لەبەر دوژمنەکانم بە ڕاستودروستی خۆت ڕێنماییم بکە، ڕێگای خۆت تەخت بکە لەپێشم.

[9] چونکە لەسەر زمانی ئەوان قسەی ڕاست نییە، ناوەڕۆکیان لەناوچوونە، قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە، زمانیان فێڵی لێ دەڕژێت.

[10] ئەی خودایە، تاوانباریان بکە! با بکەونە ناو تۆڕی پیلانی خۆیانەوە، لەبەر زۆری گوناهەکانیان دەریانبکە، چونکە لە دژی تۆ یاخی بوون.

[11] بەڵام با هەموو ئەوانەی پەنا بە تۆ دەگرن دڵخۆش بن، با هەتاهەتایە گۆرانی شادی بڵێن. دەیانخەیتە ژێر سێبەری خۆتەوە، هەتا هەموو ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت بە تۆ شاد بن.

[12] چونکە ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکەیت، بە ڕەزامەندی خۆت وەک قەڵغان دەوریان دەدەیت.

زەبوورەکان — Chapters