[1] ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
[2] ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
[3] دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە، خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات، یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
[4] دەنگی یەزدان بە هێزە، دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
[5] دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت، یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
[6] وا دەکات لوبنان وەک گوێرەکە ڕابکات و حەرمۆنیش وەک جوانەگای کێوی.
[7] دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات بە بروسکە و تریسکەوە.
[8] دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت یەزدان بیابانی قادێش دەلەرزێنێت.
[9] دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە. لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
[10] یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت، یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
[11] یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت، یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.