Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:11

[1] ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن، لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.

[2] سپەر بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە، ڕاپەڕە و بگە فریام.

[3] ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن. بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»

[4] با ڕیسوا و شەرمەزار بن ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن، با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.

[5] با وەک کای بەر بایان لێ بێت، فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.

[6] با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت، فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.

[7] لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە، بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،

[8] با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات، با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە، با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.

[9] ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت، بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.

[10] هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن: «ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟ تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن، هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»

[11] شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە، پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.

[12] بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە، گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.

[13] بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی، بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە. کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،

[14] وەک ئەوەی دۆست و برام بێت، پرسەدار بووم بۆی، وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە، لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.

[15] بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە، کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.

[16] وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن، ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.

[17] ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟ گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان، ژیانم لەو بەچکە شێرانە.

[18] لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم، لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.

[19] مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن، کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم. مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە، بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.

[20] ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن، بەڵکو درۆ دادەڕێژن لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.

[21] دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن: «ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»

[22] ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە. ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.

[23] هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم، ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.

[24] ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە، مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.

[25] مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!» یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»

[26] با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن، تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن. با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن، بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.

[27] با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن، گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن. با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت، کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»

[28] زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.

زەبوورەکان — Chapters