[1] ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە، بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
[2] چونکە تیرەکانت منیان پێکا، دەستت منی خستە خوارەوە.
[3] بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە، بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
[4] تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون، وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.
[5] برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە، بەهۆی گێلایەتی خۆم.
[6] پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە، بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
[7] کەلەکەم پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر، تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
[8] بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم، لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.
[9] ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە، ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
[10] دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە، تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
[11] لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن، خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
[12] ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە، ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن، بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.
[13] بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت، وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
[14] وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت، هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
[15] ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە.
[16] چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم خۆش بن، یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»
[17] چونکە خەریکە دەکەوم، هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
[18] دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم، بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
[19] دوژمن چالاک و بەهێزن، ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
[20] ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە، دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.
[21] ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە، ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
[22] ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم، خێرا بگە فریام.