Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:54

[1] ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم، بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم.

[2] فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران، ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان.

[3] ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە! ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم، بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ.

[4] هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم. ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم!

[5] تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان، لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە.

[6] دەمەو ئێوران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.

[7] ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و شمشێر لە لێویانە، دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟»

[8] بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت، گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت.

[9] ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت.

[10] خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام، سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم.

[11] ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە، ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت. بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و بەریان بدەوە.

[12] لەبەر گوناهەکانی دەمیان، لەبەر وتەکانی لێویان، با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن. لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە،

[13] لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە، بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن. ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات، هەتا ئەوپەڕی زەوی.

[14] دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.

[15] بەدوای خواردندا وێڵ دەبن، دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن.

[16] بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم، بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم، چونکە تۆ قەڵای منیت، لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت.

[17] ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.

زەبوورەکان — Chapters