[1] ئەی هەموو گەلان، ئەمە ببیستن، ئەی هەموو دانیشتووانی زەوی، گوێ بگرن،
[2] پایەبەرز و پایەنزم، هەژار و دەوڵەمەند پێکەوە.
[3] دەمم باسی دانایی دەکات، لێکدانەوەی دڵم تێگەیشتنە.
[4] گوێ بۆ پەند شل دەکەم، بە قیسارە مەتەڵەکەم ڕوون دەکەمەوە.
[5] بۆ لە ڕۆژانی تەنگانە بترسم، کاتێک فێڵبازە خراپەکارەکان دەورم دەگرن؟
[6] ئەوانەن کە پشت بە سامانیان دەبەستن، شانازی بە دەوڵەمەندییەکەیان دەکەن.
[7] کەس ناتوانێت ژیانی براکەی بکڕێتەوە، یان کەفارەتی ئەو بداتە خودا.
[8] چونکە کڕینەوەی ژیان زۆر گران دەکەوێت، هەرگیز ناتوانرێت نرخی تەواوی بدرێت،
[9] تاکو بۆ هەتاهەتایە بە زیندووێتی بمێنێتەوە و گۆڕ نەبینێت.
[10] چونکە هەموو دەبینن کە تەنانەت کەسە داناکانیش دەمرن، نەزانەکان و گێلەکان وەک یەک لەناودەچن و سامانیان بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵن.
[11] گۆڕیان ماڵی هەتاهەتاییانە، شوێنی نیشتەجێبوونیانە نەوە دوای نەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زەویشیان بە ناوی خۆیانەوە ناودەنا.
[12] مرۆڤ هەرچەندە دەوڵەمەند بێت نامێنێت، وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.
[13] ئەمە ڕێگای ئەوانەیە کە پشت بە خۆیان دەبەستن، ئەوانەش کە دوایان دەکەون بە قسەکانیان پەسەندی دەکەن.
[14] ئەوانە وەک مەڕن و چارەنووسیان مەرگە، مەرگ دەبێتە شوانیان. لە بەیانیدا سەرڕاستەکان فەرمانڕەوایەتییان دەکەن، شێوەیان دادەڕزێت، جیهانی مردووان دەبێتە ماڵیان.
[15] بەڵام خودا گیانم لە چنگی جیهانی مردووان دەکڕێتەوە، چونکە بۆ لای خۆی دەمبات.
[16] ترست لێ نەنیشێت ئەگەر یەکێک دەوڵەمەند بوو، شکۆمەندی ماڵەکەی زیاد بوو،
[17] چونکە کە مرد هیچ لەگەڵ خۆی نابات، شکۆیەکەی بەدوایەوە نابێت.
[18] لەگەڵ ئەوەی کاتێک زیندووە خۆی بە بەختەوەر دەزانێت، ستایش دەکرێیت کاتێک سەرکەوتوو بیت.
[19] بەڵام ئەویش بۆ نەوەی باوباپیرانی دەڕوات، ئەوانەی هەتاهەتایە چاویان بە ڕووناکی ناکەوێتەوە.
[20] مرۆڤ دەوڵەمەندیش بێت ئەگەر تێنەگات، وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.