Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:41

[1] ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!

[2] بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن، ستایشی شکۆدار بکەن!

[3] بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن! هێزت ئەوەندە گەورەیە، دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.

[4] سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»

[5] وەرن کردارەکانی خودا ببینن، کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!

[6] دەریای گۆڕی بۆ وشکانی، ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە. با بە ئەو شادمان بین.

[7] بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات، چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن، با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.

[8] ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن، با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،

[9] کە گیانی ئێمەی لە زیندووان پاراستووە و نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.

[10] ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە، وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.

[11] ئێمەت خستووەتە داوەوە و باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.

[12] تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن، بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین، بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.

[13] بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت، نەزرەکانم بەجێدەهێنم،

[14] ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا، لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.

[15] ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی، لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی، تەگە و گات بۆ دەکەمە قوربانی.

[16] ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن، با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.

[17] بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد، ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.

[18] ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە، پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،

[19] بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم، گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.

[20] ستایش بۆ خودا، کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.

زەبوورەکان — Chapters