[1] بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی نەتەوەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی نەتەوەکان.
[2] ئەو گەلەی بە تاریکیدا دەڕۆیشت، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.
[3] ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی، لەبەردەمت دڵخۆش بوو وەک خۆشی کاتی دروێنە، وەک ئەوانەی شاد دەبن بە دابەشکردنی دەستکەوت.
[4] چونکە نیری بارگرانی ئەو و داری پشتی ئەو و کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت وەک ڕۆژی میدیان شکاند.
[5] چونکە هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و بەرگی لەناو خوێن گەوزاو بۆ سووتان دەبێت، سووتەمەنییە بۆ ئاگر،
[6] چونکە کوڕێکمان دەبێت، کوڕێکمان پێدەدرێت و سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی. ناوی لێ دەنرێت سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بە توانا، باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی.
[7] گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی بێ کۆتایی دەبێت. لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی پاشایەتی دەکات بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی، بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.
[8] پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و بەسەر ئیسرائیلدا کەوت.
[9] گەل هەموو دەزانن، ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە، بە لووتبەرزی و فیزی دڵەوە دەڵێن:
[10] «خشت ڕووخا، بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە، هەنجیرە کێوی بڕایەوە، بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.»
[11] یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت، ناحەزانی جۆش دەدات.
[12] ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
[13] گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی، ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد.
[14] یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت، دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا،
[15] پیر و پیاوماقوڵ سەرە، پێغەمبەر کە بە درۆ فێر دەکات کلکە.
[16] ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار، ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە.
[17] لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان، بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان، چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن، هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
[18] بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت، دڕکوداڵ دەخوات، گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات، ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات.
[19] بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار خاکەکە دەسووتێت، گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر، پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ.
[20] لای ڕاست لێ دەکاتەوە و هەر برسییە، لای چەپ دەخوات و تێر نابێت. پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات:
[21] مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە، هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.