[1] «ئامادە بووم وەڵام بدەمەوە، بەڵام داوایان لێ نەکردم، ئامادە بووم بدۆزرێمەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان. بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن، فەرمووم: ”ئەوەتام! ئەوەتام!“
[2] بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت، بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون.
[3] گەلێک بەردەوام بەرەو ڕووم پەستم دەکەن، یەکێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت، لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت،
[4] ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت، لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات، گۆشتی بەراز دەخوات و لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە.
[5] دەڵێت: ”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە، چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“ ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا، ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە.
[6] «ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە: بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە، سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان،
[7] لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،» یەزدان دەفەرموێت. «لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد، کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.»
[8] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە، جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە، چونکە خێروبێری تێدایە،“ ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.
[9] بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم، لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم. جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.
[10] جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و دۆڵی عاخۆریش بە مۆڵگای مانگا، بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.
[11] «بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە، خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،
[12] چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و هەموو بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن، لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە، قسەم کرد و گوێتان نەگرت بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد، ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»
[13] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن، بەڵام ئێوە برسی دەبن، ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە، بەڵام ئێوە تینوو دەبن، ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن، بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.
[14] ئەوەتا لە دڵخۆشیدا بەندەکانم گۆرانی دەڵێن، بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.
[15] لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت، بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.
[16] ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات، بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات، چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و لەبەرچاوم شاردرانەوە.
[17] «بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ بەدی دەهێنم و ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و نە بە مێشکدا دێنەوە.
[18] بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن لەوەی من بەدی دەهێنم، چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
[19] بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و بە گەلی خۆم شاد دەبم، چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.
[20] «چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو، چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت گەنجە و ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی نەفرەت لێکراوە.
[21] خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن، ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
[22] خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت، ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات، چونکە ڕۆژانی گەلەکەم وەک ڕۆژانی دار دەبێت و هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن لە کردارەکانی دەستیان.
[23] بەخۆڕایی ماندوو نابن و بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت، چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
[24] جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
[25] گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن، شێریش وەک مانگا گیا دەخوات، بەڵام نانی مار خۆڵە. لە هەموو کێوی پیرۆزم نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،» q4 یەزدان دەفەرموێت.