[1] دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن، خوداتان دەفەرموێت،
[2] بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن، پێی ڕابگەیەنن کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە، کە تاوانەکەی بەخشراوە، چونکە بە دەستی یەزدان لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.
[3] کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت: «لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
[4] هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت. خوار ڕاست دەبێتەوە، هەورازیش دەبێت بە دەشت،
[5] شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن، q4 چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»
[6] دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!» منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟» «هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
[7] گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ، چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری، بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
[8] گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ، بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»
[9] ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن، بڕۆ سەر کێوێکی بەرز، بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە، بەرزی بکەرەوە، مەترسە. ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم، بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ: «ئەوەتا خوداتان!»
[10] ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت، بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات. ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
[11] وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت: بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و بە باوەش هەڵیاندەگرێت، بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.
[12] کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و بە بست ئاسمان؟ کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟ کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و گردەکانیش بە تەرازوو؟
[13] کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟
[14] یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند، ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟ کێ زانینی فێرکرد و ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟
[15] ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن. ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت.
[16] داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن.
[17] هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی، لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن.
[18] جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن، چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟
[19] پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت، زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات، زنجیری زیویش زیوگەر.
[20] دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت. داوای وەستایەکی شارەزا دەکات بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت.
[21] ئایا نازانن؟ ئایا نابیستن؟ ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟ ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە
[22] ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟ ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە، وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.
[23] ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ.
[24] هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا، فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان، ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت.
[25] خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟ من هاوتای کێم؟
[26] چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە، کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و ناو لە هەموویان دەنێت؟ لەبەر زۆری هێز و توندی توانای هیچ کامیان ون نابێت.
[27] «ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت، ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت: ”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە، دادی من لە خودام تێپەڕی“؟
[28] ئایا نەتزانی، یان نەتبیست؟ یەزدان خودای هەتاهەتاییە، بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی. نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت، کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.
[29] توانا بە ماندوو دەدات و بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات.
[30] گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن، لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون،
[31] بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن، هێزیان نوێ دەبێتەوە، وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن، ڕادەکەن و شەکەت نابن، دەڕۆن و ماندوو نابن.