Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:44

[1] «ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات، شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە.

[2] ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و هەوری تاریش نەتەوەکان. بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات، شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت.

[3] نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن، پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت.

[4] «چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە! هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن، کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن.

[5] ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت، لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت، چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە، دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت.

[6] ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت، وشترەکانی میدیان و عێفا. هەموو لە شەباوە دێن، زێڕ و بخووریان بارکردووە، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن.

[7] هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە، بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان، بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم.

[8] «ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟

[9] بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن، هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە، زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە شکۆداری کردیت.

[10] «نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە، پاشاکانیان خزمەتت دەکەن. هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت، بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا هاتەوە.

[11] دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن، شەو و ڕۆژ داناخرێن بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن.

[12] چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و بە تەواوی وێران دەبێت.

[13] «شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت، داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە، بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم.

[14] کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات، هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و پێت دەڵێن: شاری یەزدان، سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

[15] «لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و بێ ڕێبوار بیت، دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی، شادی نەوە دوای نەوە.

[16] گەنجینەی نەتەوەکان دەبەن و سامانی شاهانە دەگرن. جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم، ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.

[17] لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم، لە جیاتی داریش بڕۆنز و لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم. سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت.

[18] ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت، بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و دەروازەکانیشت ”ستایش“.

[19] ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ، درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ، بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، خوداشت بۆ شکۆمەندیت.

[20] لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت، مانگی تۆ کەم ناکات، چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت.

[21] لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن، زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت. ئەوەی من ناشتوومن نەمامن، دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.

[22] بچووک دەبێت بە هەزار و بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن. من یەزدانم، لە کاتی خۆیدا پەلەی پێ دەکەم.»

ئیشایا — Chapters