[1] سروشێک سەبارەت بە دۆڵی بینین : چیتانە وا سەرکەوتوون، هەموو بۆ سەربان،
[2] ئەی شارە بە هاتوهاوارەکە، پڕ لە دەنگەدەنگ، شارۆچکە بە شانازییەکە؟ کوژراوەکانت کوژراوی شمشێر نین و مردووی جەنگ نین.
[3] فەرمانڕەواکانت پێکەوە هەڵاتن، بێ بەرگری بە دیل گیران. هەموو ئەوانەی تێتدا بینرانەوە، پێکەوە گیران، ئەوانەش کە دوور بوون و هەڵاتبوون.
[4] لەبەر ئەوە گوتم: «وازم لێ بهێنن، بە تاڵییەوە دەگریێم، زۆرم لێ مەکەن بۆ دڵدانەوەم لەسەر وێرانبوونی گەلەکەم.»
[5] چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە لە دۆڵی بینین بۆ هاتوهەرا و سەرکوتکردن و سەرلێشێوان بۆ دیوار بڕین و هاوارکردن بۆ چیا.
[6] ئیلام تیردانی هەڵگرتووە بە گالیسکە و پیادە و سوارەوە، قییریش قەڵغانی دەرخست.
[7] جا هەڵبژاردەی دۆڵەکانت پڕ دەبێت لە گالیسکە و لە سوارەکان، ڕیزیان بەستووە ڕووەو دەروازەکە.
[8] داپۆشینی یەهودا نامێنێت. جا لەو ڕۆژەدا دەڕوانیتە چەکەکانی کۆشکی دارستان،
[9] کەلێنەکانی شاری داود دەبینن کە زۆر بوون و ئاوی گۆمی خوارێ کۆدەکەنەوە.
[10] ماڵەکانی ئۆرشەلیم دەژمێرن و ماڵەکان دەڕووخێنن بۆ پتەوکردنی شووراکە.
[11] ئەستێلێک دروستدەکەن لەنێوان دوو شووراکە، بۆ ئاوی گۆمە کۆنەکە. بەڵام نەتانڕوانییە یەزدانی دروستکەری، ئەوەی لەمێژەوە شێوەی کێشابوو نەتانبینی.
[12] یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، لەو ڕۆژەدا بانگەوازی کرد بۆ گریان و شیوەن و سەرتاشین و پۆشینی جلوبەرگی گوش.
[13] بەڵام ئەوەتا خۆشی و شادی، مانگا کوشتنەوە و مەڕ سەربڕین، گۆشت خواردن و شەراب خواردنەوە! «با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین.»
[14] گوێم لێگرت یەزدانی سوپاسالار بۆی ئاشکرا کردم: «کەفارەت بۆ ئەم تاوانەتان ناکرێت تاکو دەمرن،» یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.
[15] یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ بۆ لای ئەو کارگێڕە، شەڤنا ئەوەی سەرپەرشتیاری کۆشکەکەیە:
[16] چیت هەیە لێرە و کێ ڕوخسەتی پێداویت، هەتا گۆڕێک بۆ خۆت هەڵبکەنیت، ئەی ئەوەی لە بەرزایی گۆڕی خۆتت هەڵکەندووە و بۆ خۆت لەناو تاشەبەرد ماڵت تاشیوە؟
[17] «ئەی پاڵەوان، ئەوەتا یەزدان خەریکە بە توندی تووڕت دەدات و بە هێزەوە لوولت دەکات،
[18] وەک تۆپ پێچانەوەی پێچ دەتپێچێتەوە و بەرەو خاکێکی بەرفراوان تووڕت دەدات. لەوێ دەمریت و گالیسکەکانی شکۆمەندیت لەوێ دەبێت، ئەی مایەی سووکایەتی ماڵی گەورەکەت!
[19] لە پلەکەت دەرتدەکەم و لە پایەکەت فڕێدەدرێیتە خوارەوە.
[20] «لەو ڕۆژەدا بانگی بەندەکەی خۆم، بانگی ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا دەکەم و
[21] جلەکەی تۆی لەبەر دەکەم و بە کەمەربەندەکەی تۆ کەمەری توند دەکەم و دەسەڵاتی تۆ دەدەمە دەست ئەو و دەبێت بە باوک بۆ ئۆرشەلیم و بۆ بنەماڵەی یەهودا.
[22] کلیلی ماڵی داود دەخەمە سەر شانی و ئەوەی دەیکاتەوە کەس دایناخات و ئەوەی دایدەخات کەس نایکاتەوە.
[23] وەک سنگ دەیچەقێنم لە شوێنێکی چەسپاو و دەبێت بە تەختی شکۆمەندی بۆ بنەماڵەکەی.
[24] هەموو شکۆمەندی بنەماڵەکەی بەوەوە هەڵدەواسن، چڵەکان و لقەکان، هەموو دەفرە بچووکەکان، لە دەفرە پەلەکانەوە هەتا دەفرە قووڵەکان.»
[25] یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بەڵام سەردەمێک دێت سنگە چەقاوەکە لە شوێنە چەسپاوەکە نامێنێت و دەشکێت و دەکەوێت، ئەو بارگرانییەی لەسەری بوو دەبڕدرێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.