[1] ئەوەتا یەزدان زەوی چۆڵ دەکات، بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت، دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
[2] کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت، گەورە وەک کۆیلەکەی، خانم وەک کەنیزەکەی، کڕیار وەک فرۆشیار، بەخشەر وەک وەرگر، قەرزدەر وەک قەرزار.
[3] زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و بە تاڵان تاڵان دەکرێت، q4 یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.
[4] زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو، جیهان داهێزرا و سیس بوو، گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
[5] زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو، چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد، فەرزەکانیان پێشێل کرد و پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
[6] لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و دانیشتووانەکەی سزادران. لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و خەڵکێکی کەم مایەوە.
[7] شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو، هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
[8] دەفی دەنگ خۆش کپ بوو، هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە، قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
[9] بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە، مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
[10] شاری وێران تێکشکاوە، هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
[11] لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک، دوورخرایەوە شادی زەوی.
[12] ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و لێدانی دەروازەش کاولییە.
[13] چونکە ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی لەنێو گەلان، وەک داتەکاندنی دار زەیتوون، وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.
[14] ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن، بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
[15] لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن، لە دوورگەکانی دەریاشەوە ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل.
[16] لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو: «شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!» جا گوتم: «فەوتام! فەوتام! قوڕبەسەرم! ناپاکان ناپاکییان کرد! ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
[17] ترس و چاڵ و تەڵە بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.
[18] ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت دەکەوێتە چاڵەکەوە و ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە بە تەڵەکەوە دەبێت. بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و بناغەکانی زەوی هەژان.
[19] زەوی بە شکان دەشکێت، زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت، زەوی بە لەقین دەلەقێت.
[20] زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت، جۆلانە دەکات وەک کەپر. یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە، دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.
[21] لەو ڕۆژەدا یەزدان سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.
[22] بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە وەک دیل لە بەندیخانە و لە گرتووخانە توند دەکرێن و دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.
[23] مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت، چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم، شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.