Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:48

[1] ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:

[2] لە ڕۆژانی کۆتاییدا، کێوی پەرستگای یەزدان لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت، بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.

[3] زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن: «وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین، بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب. فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات، بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.» فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت، پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.

[4] لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات، ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات. شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن، ڕمەکانیشیان دەکەنە داس. هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت، چیتر فێری جەنگ نابن.

[5] ئەی بنەماڵەی یاقوب وەرن، با لەژێر ڕووناکی یەزداندا بڕۆین.

[6] چونکە وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا، لە بنەماڵەی یاقوب، پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە، پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان.

[7] خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو، گەنجینەکانی سنووریان نییە. خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و گالیسکەکانی سنووریان نییە.

[8] خاکیان پڕبوو لە بت، کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد، کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد.

[9] جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە، لێیان خۆش مەبە.

[10] لە ڕووی سامی یەزدان و شکۆی مەزنییەکەی، بڕۆ ناو کەلەبەرد و لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە!

[11] چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەکات و لووتبەرزی ئادەمیزاد دەچەمێنێتەوە، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت.

[12] چونکە یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک، لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە نزم دەبنەوە،

[13] لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان، لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان،

[14] لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان،

[15] لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز، لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت،

[16] لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش، لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر.

[17] جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و

[18] هەموو بتەکان لەناودەچن.

[19] کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت، مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و ناو چاڵەکانی خۆڵ.

[20] لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئەو بتە زیو و زێڕانەی کە بۆ پەرستن دروستی کردوون، بۆ مشکەکوێرە و بۆ شەمشەمەکوێرە فڕێدەدات.

[21] کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت، مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان.

[22] دەست لە مرۆڤ بکێشنەوە! ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە، چونکە حیسابی چی بۆ دەکرێت؟

ئیشایا — Chapters