[1] «گوێ لەمە بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئێوە پێتان دەگوترێت ئیسرائیل، ئێوە لە پشتی یەهوداوە دەرچوون، ئێوە بە ناوی یەزدانەوە سوێند دەخۆن، ناوی خودای ئیسرائیل دەهێنن، بەڵام نەک بە دڵسۆزی و نەک بە ڕاستودروستی،
[2] بە خۆتان دەڵێن، خەڵکی شاری پیرۆز و خۆتان دەدەنە پاڵ خودای ئیسرائیل کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە:
[3] سەرەتاکانم لە کۆنەوە ڕاگەیاندووە، لە دەمی منەوە هاتوونەتە دەرەوە و وام کرد ببیسترێن، لەپڕ کردم و ڕوویان دا.
[4] چونکە دەمزانی ئێوە کەللەڕەقن و ملتان دەماری ئاسنینە و ناوچەوانتان بڕۆنزە.
[5] لەبەر ئەوە لە کۆنەوە ئەمانەم پێ ڕاگەیاندن، وام کرد پێش ئەوەی ڕووبدەن ئێوە گوێتان لێی بێت، نەوەک بڵێن: ”بتەکەم کردی، خوداوەندە دەستکردەکەم فەرمانی دا.“
[6] ئێوە گوێتان لێ بوو، جا بڕواننە هەمووی. ئەی ئێوە دانی پێدا نانێن؟ «وا دەکەم لە ئێستاوە گوێتان لە شتە نوێیەکان بێت، ئەو نهێنییانەی کە نایانزانن.
[7] ئێستا بەدیهێنران، لە کۆنەوە نەبوون، بەر لە ئەمڕۆ نەتانبیستبوون نەوەک بڵێن، ”ئەوەتا دەمانزانی.“
[8] هەروەها نە گوێتان لێ بوو نە زانیشتان، لە کۆنەوەش گوێت نەکردەوە. باش دەزانم چۆن بە تەواوی ناپاکی دەکەن، لەناو سکی دایکتانەوە پێتان گوترا: ”یاخی.“
[9] لە پێناوی ناوی خۆم تووڕەییەکەم دواخست، لە پێناوی ستایشم دانبەخۆمدا دەگرم، نەوەک بتانبڕمەوە.
[10] ئەوەتا ئێوەم پاڵاوت، بەڵام نەک وەکو زیو، لەناو کوورەی ئازار چێژتن تاقیم کردنەوە.
[11] لە پێناوی خۆم، لە پێناوی خۆم دەیکەم، چونکە چۆن ناوی من گڵاو بکرێت؟ شکۆمەندیم بە یەکێکی دیکە نادەم.
[12] «ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن، ئەی ئیسرائیل، بانگم کردن. ئەوە منم، من سەرەتا و من کۆتاییم.
[13] دەستی من زەوی دامەزراند، دەستە ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە. کاتێک من بانگیان دەکەم، پێکەوە دەوەستن.
[14] «هەمووتان کۆبنەوە و گوێ بگرن! کام لە بتەکان ئەمەی ڕاگەیاندووە؟ هاوپەیمانی خۆشەویستی یەزدان، هەرچی پێ خۆش بێت بە بابلی دەکات، بازووشی لە دژی کلدانییەکان دەبێت.
[15] من، من قسەم کرد و بانگم کرد، هێنام و ڕێگاکەشی سەرکەوتوو دەبێت.
[16] «وەرنە پێش بۆ لام، گوێ لەمە بگرن: «لە سەرەتاوە بە نهێنی قسەم نەکرد، لە کاتی ڕوودانی من لەوێم.» ئێستاش یەزدانی باڵادەست منی نارد لەگەڵ ڕۆحی خۆی.
[17] یەزدان، ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «من یەزدانی پەروەردگارتانم، فێرتان دەکەم بۆ ئەوەی سوود وەربگرن، بە ڕێگایەکدا دەتانبەم هەتا بیگرنەبەر.
[18] خۆزگە گوێتان لە فەرمانەکانم دەگرت، جا ئاشتیتان وەک ڕووبار دەبوو، ڕاستودروستیشتان وەک شەپۆلی دەریا.
[19] توخمتان وەک لم دەبوو، وەچەتان وەک دەنکی لم، ناویان لەبەردەمم نە دەبڕایەوە و نە لەناودەچوو.»
[20] لە بابل بچنە دەرەوە، لە بابلییەکان هەڵبێن! بە هاواری خۆشییەوە ڕایبگەیەنن، جاڕی ئەمە بدەن. بەڕێی بخەن هەتا ئەوپەڕی زەوی، بڵێن: «یەزدان یاقوبی بەندەی کڕییەوە.»
[21] تینوو نەبوون کە بە چۆڵەوانیدا بردنی، لە تاشەبەردەوە ئاوی بۆ هەڵقوڵاندن، تاشەبەردی شەق کرد و ئاو تەقییەوە.
[22] یەزدان دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»