Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:55

[1] «هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن، وەرن بۆ ئاو ، ئەوانەش کە پارەیان نییە، وەرن، بکڕن و بخۆن! وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ شەراب و شیر بکڕن.

[2] بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟ بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟ بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە، با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.

[3] گوێتان شل بکەن و وەرنە لام، گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت. پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم، خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.

[4] ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە، ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.

[5] ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن، لەبەر یەزدانی پەروەردگارت، لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل، چونکە شکۆمەندی کردیت.»

[6] ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە، لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.

[7] با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی، با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە، بۆ لای خودامان چونکە زۆر لێبوردەیە.

[8] «بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[9] «بە بەرزی ئاسمان بەسەر زەوییەوە، ئاواش بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتان و بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.

[10] هەروەک چۆن باران و بەفر لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و ناگەڕێنەوە ئەوێ، بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن،

[11] فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە: بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم، بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم.

[12] ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت، چیاکان و گردەکان لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە، هەموو دارەکانی دەشتودەریش بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.

[13] لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت، بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک، نیشانەیەکی هەتاهەتایی کە لەناو ناچێت.»

ئیشایا — Chapters