Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:29

[1] ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت! بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم، چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە، پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن، بە دڵسۆزی چەسپاون.

[2] چونکە شارت کاول کرد و شارۆچکەی قەڵابەندت وێران کرد، قەڵای بێگانەکان وەک شار نامێنێتەوە، بۆ هەتاهەتایە بنیاد نانرێتەوە.

[3] لەبەر ئەوە گەلی بەهێز ڕێزت لێ دەگرن، شارۆچکەی نەتەوە بێ ویژدانەکان لێت دەترسن.

[4] چونکە بوویت بە پەناگای هەژار، پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە، چەتر لە لێزمەی باران و سێبەر لە گەرما، چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە،

[5] وەک گەرمایە لە خاکی وشکدا. هاتوهەرای بێگانەکان کپ دەکرێت وەک گەرما بە سێبەری هەور گۆرانی بێ ویژدانەکان زەلیل دەکرێت.

[6] یەزدانی سوپاسالار بۆ هەموو گەلان لەم کێوە خوانی دابەستەکان ساز دەکات، خوانی شەرابی سادە و دابەستە پڕ لە مۆخەکان مەی سادەی پاڵاوتە.

[7] لەم کێوەدا لووشی دەدات پەچەی سەر مردوو، پەچە بەسەر هەموو گەلانەوە، هەروەها ئەو سەرپۆشەی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا پۆشراوە،

[8] مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە. یەزدانی باڵادەست سڕییەوە فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان، ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت لە هەموو زەویدا، q4 چونکە یەزدان فەرمووی.

[9] لەو ڕۆژەدا دەگوترێت: «ئەوەتا ئەمە خودامانە، چاوەڕێمان دەکرد، ڕزگاری کردین. ئەمە یەزدانە، چاوەڕێمان کرد، شاد دەبین و دڵشاد دەبین بە ڕزگارییەکەی.»

[10] چونکە دەستی یەزدان ئەم کێوە دەپارێزێت، بەڵام مۆئاب لە جێی خۆی پێپەست دەکرێت وەک پێپەستکردنی کا بە ئاوی تەپاڵە.

[11] جا مۆئاب لە ناوەڕاستیدا دەستی بڵاو دەکاتەوە وەک چۆن مەلەوان بۆ مەلەکردن بڵاوی دەکاتەوە. خودا لووتبەرزییەکەی دادەگرێت لەگەڵ فرتوفێڵەکانی دەستی.

[12] قەڵابەندی بەرزی شووراکانت دەچەمێنێتەوە، دایدەگرێت دەینووسێنێت بە زەوییەوە، هەتا خۆڵ.

ئیشایا — Chapters