Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:00

[1] چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن، بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات، وەک گوڵاڵە سوورە،

[2] بە تەواوی چرۆ دەکات و تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات! شکۆی لوبنانی پێدەدرێت، شەوکەتی کارمەل و شارۆن، ئەوان شکۆی یەزدان و شەوکەتی خودامان دەبینن.

[3] دەستە شلەکان توند بکەن و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.

[4] بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە: «خۆتان توند بکەن، مەترسن! ئەوەتا خوداتان، بە تۆڵەسەندنەوە دێت، سزای خوداتان. ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»

[5] ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و گوێی کەڕ دەکرێتەوە.

[6] ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات، چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و ڕووباریش لە بیابان.

[7] سەراب دەبێتە گۆم و خاکی تینوو بە کانیاو. لە لانەی چەقەڵەکان لە مۆڵگەکەیان قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.

[8] لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت، ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت. گڵاو پێیدا تێناپەڕێت، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن، گێلەکان پێدا ناڕۆن.

[9] شێر لەوێ نابێت، جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت، لەوێ بەرچاو ناکەون. بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،

[10] ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە. بە هاواری خۆشی بۆ سییۆن دێن و شادی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە. شادی و خۆشی پێیان دەگات و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

ئیشایا — Chapters