Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:53

[1] «پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە، وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە! یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە، گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.

[2] ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن و خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم، وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت و حوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت. داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن و خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.

[3] دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین، خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“ «وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن و هەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.

[4] وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی، بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن. ئەمڕۆ بەڕۆژوو نابن بۆ ئەوەی لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.

[5] ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟ مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات، وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟ ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو، یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟

[6] «ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت، کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە، چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و هەموو نیرێک بشکێنن؟

[7] ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە، کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟

[8] ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە، تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات، ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.

[9] ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە، هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام. «ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنێت،

[10] هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و پێداویستی زەلیل دابین بکەیت، ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.

[11] یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و جەستەت بەهێز دەکات. وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت، کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.

[12] گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە، بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە، ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و ”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.

[13] «ئەگەر بە پێیەکانت ڕۆژی شەممەت نەشکاند، لە ڕۆژی پیرۆزم بە ئارەزووی خۆت نەکەیت، ئەگەر ڕۆژی شەممە بە ڕۆژی خۆشی دابنێیت و ڕۆژی پیرۆزی یەزدان، ڕێزدارە، ئەگەر ڕێزی لێ بگریت بەوەی ڕێگای خۆت ئەنجام نەدەیت و بەدوای خۆشی خۆتەوە نەبیت و قسەکانی خۆت نەکەیت،

[14] ئەوسا خۆشی لە یەزدان دەبینیت و سواری بەرزاییەکانی زەویت دەکەم و میراتەکەی یاقوبی باوکت دەرخوارد دەدەم.» q4 یەزدان بە دەمی خۆی فەرمووی.

ئیشایا — Chapters