Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:21

[1] قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن! قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت، کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە. قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە!

[2] ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە. وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر، وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ، بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی.

[3] پێشێل دەکرێت تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم.

[4] دەبێت بە گوڵی سیس بوو جوانی شکۆمەندییەکەی، ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە، وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین، ئەوەی دەیبینێت هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات.

[5] لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و تاجی شکۆمەندی بۆ پاشماوەی گەلەکەی.

[6] دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و پاڵەوانیێتی بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان.

[7] ئەمانیش بە شەراب گێژن و بە مەی گومڕا بن: کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن، بە شەراب قووتدەدرێن، بە مەی گومڕان، کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن، کوێرانە حوکم دەدەن.

[8] چونکە هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە.

[9] دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟ پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟ بۆ لەشیربڕاوەکان، یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟

[10] وەک گغە گغ بۆ گغە گغ، بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.»

[11] کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ قسە بۆ ئەم گەلە دەکات.

[12] بۆ ئەوانەی پێی گوتن: «ئەمە حەسانەوەیە، با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.» بەڵام نەیانویست گوێ بگرن.

[13] جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە: گغە گغ بۆ گغە گغ، بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ. بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن.

[14] ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمە!

[15] چونکە گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە، کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە، چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و لەناو ساختە پەناگیر دەبین.»

[16] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم، کە دەبێتە سەنگی مەحەک، گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە بۆ بناغەیەکی پتەو، ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت.

[17] دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم، جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت.

[18] پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت. کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت، ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل.

[19] هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات، چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت بە شەو و بە ڕۆژ.» بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە دەبێتە مایەی تۆقاندن.

[20] چونکە دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە.

[21] چونکە یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا، هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە! بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە!

[22] ئێستا گالتەجاڕ مەبن، نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت، چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا.

[23] گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن، گوێ بگرن و قسەم ببیستن.

[24] ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت، هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟

[25] ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد، تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و جۆ لە شوێنی نیشانکراو، گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟

[26] جا بە دادوەری ڕێنمایی دەکات، خودای خۆی فێری دەکات.

[27] چونکە کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت، چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت، بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و زیرەش بە گۆچان.

[28] دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت، هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت، چەرخەی عەرەبانەکەی و ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن.

[29] هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون، ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.

ئیشایا — Chapters