[1] ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب، شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل: «مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە، بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.
[2] کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام، بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن. بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت، بڵێسەش ناتسووتێنێت،
[3] چونکە من یەزدانم، خودای تۆم، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ. میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ، کوش و سەبا لە جێی تۆ.
[4] لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام، سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت، لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم، لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.
[5] مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام. لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.
[6] بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و بە باشووریش: ”مەیانگرە!“ کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
[7] هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن، بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون، شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»
[8] دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە، کەڕە، بەڵام گوێی هەیە.
[9] با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە، با نەتەوەکان خڕ ببنەوە. کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟ با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن، یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.»
[10] یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن، بەندەی هەڵبژاردەم، بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و تێبگەن کە من ئەوم، پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و پاش منیش نابێت.
[11] منم، منم یەزدان، لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.
[12] من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند، منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت. ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[13] «لەو ڕۆژەوە من ئەوم، کەس لە دەستم دەرباز نابێت. هەرچی بکەم کێ دەیگەڕێنێتەوە؟»
[14] یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم، بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون.
[15] منم یەزدان، پیرۆزەکەتان، بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.»
[16] یەزدان ئەمە دەفەرموێت، ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە، لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە،
[17] ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد، سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە، کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە، دەفەرموێت:
[18] «باسی سەرەتاکان مەکەن، لە دێرینەکان ڕامەمێنن.
[19] ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم! ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟ لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و لە بیابان ڕووبارەکان.
[20] ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن، چەقەڵ و کوندەپەپوو، چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە، ڕووبارەکان لە بیاباندا بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم،
[21] ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە باسی ستایشم دەکەن.
[22] «بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب، لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل.
[23] بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا، بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم. بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت، بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت.
[24] بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم، بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم، بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم، بە تاوانەکانت ماندووت کردم.
[25] «منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە، لە پێناو خۆم، گوناهەکانیشت بەبیر خۆمی ناهێنمەوە.
[26] بەبیرم بخەرەوە، با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن، بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە.
[27] باوکی یەکەمت گوناهی کرد و پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون.
[28] لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و یاقوب دەدەمە قڕکردن و ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان.