Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:09

[1] ئەی سییۆن، بەئاگا بە! بەئاگا بە! بەرگی هێزت لەبەر بکە، ئەی ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز، بەرگی جوانیت بپۆشە، چونکە ئیتر لەمەودوا نایەتە ناوت خەتەنە نەکراو و گڵاو.

[2] ئەی ئۆرشەلیم، لەناو خۆڵ هەستە و خۆت بتەکێنە، لەسەر تەخت دابنیشە. ئەی ڕاپێچکراوەکە، شاری سییۆن، کۆتەکانی ملت بکەرەوە.

[3] ئێستا یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بەخۆڕایی فرۆشران، بەبێ پارە دەکڕدرێنەوە.»

[4] هەروەها یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «سەرەتا گەلەکەم دابەزین بۆ میسر و ئاوارەبوون لەوێ، لەم دواییانەشدا ئاشور ستەمی لێدەکرد.»

[5] یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا لێرە چیم هەیە؟ «گەلەکەم بەخۆڕایی بردرا و فەرمانڕەواکانی دەلوورێنن، بەردەوام بە درێژایی ڕۆژیش کفر بە ناوی من دەکرێت.

[6] لەبەر ئەوە گەلەکەم بە ناوی من ئاشنا دەبن، لەو ڕۆژەدا دەزانن ئەوەتام، ئەوە منم کە ئەم بەڵێنە دەدەم.» q4 یەزدان دەفەرموێت.

[7] چەند جوانە لەسەر چیاکان پێیەکانی مزگێنیدەران، ڕاگەیەنەری ئاشتی، مزگێنیدەری خۆشی، ڕاگەیەنەری ڕزگاری، ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن: «خودات پاشایەتی دەکات!»

[8] گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن، پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن، بە چاوی خۆیان دەبینن کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن.

[9] ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم، پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات، بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە.

[10] یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان، هەر چوار لای زەویش ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.

[11] ئەی هەڵگرانی کەلوپەلی پەرستگای یەزدان، جیا بنەوە، جیا بنەوە، لە بابل بچنە دەرەوە! دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک! لەناوەڕاستی بێنە دەرەوە، خۆتان پاک بکەنەوە!

[12] بەڵام بە پەلە دەرناچن، بە هەڵاتن ناڕۆن، چونکە یەزدان لەبەردەمتانەوە دەڕوات، خودای ئیسرائیل پاشڕەو و پارێزەرتانە.

[13] ببینە، بەندەکەم وا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات، بەرز و بڵند و زۆر پایەبەرز دەبێت.

[14] وەک ئەوەی زۆر کەس واقیان لێی وڕما، دیمەنی وەک مرۆڤ نەبوو، وێنەی لە ئادەمیزاد نەدەچوو.

[15] ئاوا زۆر لە نەتەوەکان دەپرژێنێت، لەبەر ئەو پاشایان دەمی خۆیان دەگرن، چونکە ئەوەی بۆیان باس نەکرابوو دەیبینن، ئەوەی نەیانبیستبوو تێی دەگەن.

ئیشایا — Chapters