Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:10

[1] ڕاستودروستان لەناودەچن، کەسیش لە دڵی خۆیدا بیر لەمە ناکاتەوە. خودا خۆشەویستانی بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام کەس تێناگات کە ڕاستودروست بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لە خراپە ڕزگاریان بکات.

[2] ئەوەی ڕێگای ڕاستی گرتووەتەبەر دێتە ناو ئاشتییەوە، لەناو تابووتەکانیان دەحەسێنەوە.

[3] «بەڵام ئێوە، ئەی کوڕانی ژنە بەخت خوێنەرەکە، توخمی داوێنپیسە لەشفرۆشەکان، وەرنە پێشەوە!

[4] گاڵتە بە کێ دەکەن؟ لە کێ دەم دەکەنەوە و زمان درێژ دەکەن؟ ئەی ئێوە کوڕانی یاخیبوون و توخمی درۆ نین؟

[5] ئێوە لەنێو دار بەڕووەکان، لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا جۆش دەستێنن، ئەوانەی منداڵان لە شیوەکان و لەژێر کەلەبەرەکانی تاوێرەکاندا دەکەنە قوربانی.

[6] بەشت ئەو بتانەیە کە لەنێو بەردە لووسەکانی شیوەکانن، ئەوان، ئەوان تیروپشکی تۆن. هەروەها بۆ ئەوان شەرابی پێشکەشکراو و پێشکەشکراوی دانەوێڵەت پێشکەش کرد. ئایا لەبەر ئەمە پاشگەز ببمەوە؟

[7] جێگای نوستنت لەسەر کێوێکی بەرز و بڵند داناوە، بۆ ئەوێ سەرکەوتیت تاوەکو قوربانی سەرببڕیت.

[8] لە پشت دەرگا و چوارچێوەکەی هێمای بتەکەتت داناوە. پشتت لە من کرد و خۆتت ڕووت کردەوە، سەرکەوتیتە سەر جێگای خەوی خۆت و فراوانت کرد. پەیمانت لەگەڵ بتەکاندا بەست، حەزت بە داوێنپیسی لەگەڵیان کرد، ناموسی ئەوانت بینی.

[9] بە زەیتەوە چوویتە لای مۆلەخ و بۆنوبەرامی خۆتت زیاد کرد. نێردراوەکانت بۆ دوور نارد، شۆڕ بوویتەوە هەتا جیهانی مردووان!

[10] درێژی گەشتەکانت ماندووی کردیت، کەچی نەتگوت: ”ئەمە بێ ئومێدییە.“ هێزێکی نوێت دۆزییەوە لەبەر ئەوە شەکەت نەبوویت.

[11] «لە کێ ترسایت و تۆقیت وا ناپاکیت لەگەڵ کردم، منت لە دڵت نەهێشتەوە و لەبیرت کردم؟ ئایا لەبەر ئەوەی من ماوەیەکی زۆرە بێدەنگم لە من نەترسایت؟

[12] من ڕاستودروستی و کردەوەکانت دەخەمە ڕوو، کە هیچ سوودیان بۆت نییە.

[13] کاتێک هاوار دەکەیت، بتە کۆکراوەکانت با فریات بکەون! بای گێژەڵوکە هەموویان هەڵدەگرێت، تەنانەت شنەبا دەیانبات. بەڵام ئەوەی پەنای داوەتە پاڵ من دەبێت بە میراتگری خاکەکە، کێوی پیرۆزم دەبێت بە موڵکی.»

[14] یەزدان دەفەرموێت: «ڕێگاکە بنیاد بنێنەوە، بنیادی بنێنەوە و ئامادەی بکەن! کۆسپ لە ڕێگای گەلەکەم هەڵبگرن.»

[15] چونکە خودای بەرز و بڵند کە بە نەمری نیشتەجێیە، ناوی پیرۆزە، ئەمە دەفەرموێت: «لە جێی بەرز و پیرۆز نیشتەجێم، هەروەها لەگەڵ ئەوانەدام کە دڵشکێنراون و بێفیزن، بۆ ئەوەی بێفیز و دڵشکێنراوەکان بژیێنمەوە.

[16] هەتاسەر کێشمەکێش ناکەم و هەتا کۆتایی تووڕە نابم، چونکە ڕۆح لەبەردەمم گرژ دەبێت، هەناسەی مرۆڤ کە من دروستم کردووە.

[17] لەبەر تاوانی چاوچنۆکییەکەی تووڕە بووم، لێم دا، لە تووڕەییدا ڕوخساری خۆمم شاردەوە، بەڵام هەر بە ڕێگای دڵی خۆی بەردەوام بوو لە یاخیبوون.

[18] ڕێگاکانی ئەوم بینی بەڵام چاکی دەکەمەوە، ڕێنمایی دەکەم و دڵی خۆی و شیوەنگێڕەکانیشی دەدەمەوە،

[19] وا دەکەم بەرهەمی لێوەکانیان سوپاسگوزاری بێت. ئاشتی! ئاشتی بۆ دوور و بۆ نزیک، چاکیشی دەکەمەوە،» q4 یەزدان دەفەرموێت.

[20] بەڵام بەدکاران وەک دەریای هەڵچوون کە ناتوانێت ئارام بێتەوە، ئاوەکانی لیتە و قوڕاو فڕێدەدات.

[21] خودام دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»

ئیشایا — Chapters