Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:09

[1] سروشێک سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی:

[2] لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن، دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە، دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە بۆ ناو دەرگای میران.

[3] من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد، هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم، ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم.

[4] گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت، وەک دەنگی خەڵکی ئێجگار زۆر! گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت، وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە! یەزدانی سوپاسالار سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ!

[5] لە خاکێکی دوورەوە دێن، لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن، یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی، بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی.

[6] واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیک بووەتەوە، وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بە تواناوە دێت.

[7] لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن، هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە.

[8] ڕادەچڵەکێن، ئازار و ژان دەیانگرێت، وەک منداڵبوو دەتلێنەوە. پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی، ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە.

[9] ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت، سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە، بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە.

[10] چونکە ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی ڕووناکییان دەرناخەن، خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت، مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.

[11] سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی، بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان، کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.

[12] مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر.

[13] لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت، لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی.

[14] وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە، هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت.

[15] ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت.

[16] منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن.

[17] ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم، ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و کەیفیان بە زێڕ نایەت.

[18] کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن، بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە، دڵیان بە منداڵان ناسووتێت.

[19] بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و جوانی شانازی کلدانییەکان وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت، کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت.

[20] هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت، عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات، شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن.

[21] بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن، چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛ کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت، تەگە لەوێ سەما دەکەن.

[22] کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت، چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی. کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن، ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت.

ئیشایا — Chapters