[1] ئەوە کێیە لە ئەدۆمەوە دێت بە بەرگی سوور لە بۆزراوە، ئەو شکۆمەندەی بە جلوبەرگەکەیەوە بە زۆری هێزەکەیەوە نمایش دەکات؟ «منم بە ڕاستودروستی دەدوێم مەزنم بۆ ڕزگاری.»
[2] بۆچی بەرگت سوورە و بەرگت وەک پەستێنەری گوشەری ترێیە؟
[3] «کەس لە گەلان لەگەڵمدا نەبوو بە تەنها گوشەرم پەستەوە. لە تووڕەییدا ئەوانم پڵیشاندەوە، بە هەڵچوونی خۆم پێم لێنان. جا خوێنیان بەسەر بەرگمدا پرژا و هەموو جلەکەم لەکەدار بوو.
[4] چونکە ڕۆژی تۆڵەسەندنەوە لە دڵمدا بوو و ساڵی کڕینەوەی گەلم هات.
[5] تەماشام کرد بەڵام یارمەتیدەر نەبوو، سەرسام بووم کە پشتگیری نەبوو، بەڵام بە هێزی بازووی خۆم ڕزگاریم دەستەبەر کرد، هەڵچوونم پشتگیری کردم.
[6] بە تووڕەیی خۆم گەلانم پەستەوە، بە هەڵچوونی خۆم سەرخۆشم کردن، خوێنی ئەوانم بەسەر زەویدا ڕشت.»
[7] باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم، کارەکانی کە شایستەی ستایشن، بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی. باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی.
[8] فەرمووی: «بە ڕاستی گەلی منن، کوڕن، ناپاکیم لەگەڵ ناکەن،» جا بۆیان بوو بە ڕزگارکەر.
[9] لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و فریشتەی ئامادەبوونەکەی ڕزگاری کردن. ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە، بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن هەموو ڕۆژانی کۆن.
[10] بەڵام ئەوان یاخی بوون و ڕۆحی پیرۆزی ئەویان خەمبار کرد، جا لێیان بوو بە دوژمن و لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە.
[11] ئینجا گەل ڕۆژانی کۆنیان بەبیر هاتەوە، ڕۆژانی موسا و گەلەکەی. کوا ئەوەی لە دەریاوە سەری خستن لەگەڵ شوانی مێگەلەکەی؟ کوا ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی لەنێویان دانا؟
[12] کوا ئەوەی لەلای دەستی ڕاستی موسا هێزە شکۆدارەکەی بازووی خۆی نارد، ئەوەی ئاوی لەبەردەمیان دوو لەت کرد، بۆ ئەوەی ناوێکی هەتاهەتایی بۆ خۆی دروستبکات،
[13] ئەوەی بەناو دەریا قووڵەکاندا بردنی؟ وەک ئەسپ بە چۆڵەوانیدا سەرسمیان نەدا،
[14] وەک دابەزینی ڕەشەوڵاخ بەرەو دەشتایی، ڕۆحی یەزدان پشووی پێدان. ئاوا ڕێنمایی گەلەکەتت کرد بۆ ئەوەی ناوێکی شکۆمەند بۆ خۆت دروستبکەیت.
[15] لە ئاسمانەوە تەماشا بکە، لە نشینگەی پیرۆز و شکۆمەندیتەوە ببینە، کوا دڵگەرمی و پاڵەوانیێتییەکەت؟ ئاخ هەڵکێشانی هەناوت و بەزەییت لە ئێمە بڕی.
[16] بەڵام تۆ باوکی ئێمەی، ئەگەر ئیبراهیم نەمانناسێت و ئیسرائیلیش دانمان پێدا نەنێت. ئەی یەزدان تۆ باوکی ئێمەیت، لە ئەزەلەوە ناوت دەمانکڕێتەوە.
[17] ئەی یەزدان، بۆچی لە ڕێگاکانی خۆت وێڵت کردین، بۆچی دڵت ڕەق کردین هەتا لێت نەترسین؟ بگەڕێوە لە پێناو خزمەتکارەکانت، هۆزەکانی میراتەکەت.
[18] بۆ ماوەیەکی کەم گەلی پیرۆزت خاوەنی پیرۆزگای تۆ بوون، بەڵام ئێستا دوژمنانمان پێشێلیان کرد.
[19] ئێمە لە کۆنەوە گەلی تۆین، ئێستا وامان لێ هاتووە کە تۆ فەرمانڕەوایی ئێمەت نەکردووە، وەک چۆن هەرگیز بە ناوی تۆوە ناو نەنرابین.