[1] قوڕبەسەر خاکی فڕەفڕی باڵەکان، ئەوەی لەوبەری ڕووبارەکانی کوشە،
[2] پەیامبەران بە ڕێی دەریادا دەنێرێت، بە بەلەمی قامیش لەسەر ڕووی ئاوەکان. بڕۆن ئەی نێردراوە خێراکان، بۆ لای نەتەوەیەکی باڵا بەرز و کۆسە، بۆ لای گەلێک خەڵکی دوور و نزیک لێیان دەترسن، نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار، ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە خاکەکەی.
[3] ئەی هەموو دانیشتووانی جیهان و نیشتەجێبووانی زەوی، کە ئاڵا لەسەر چیاکان بەرزکرایەوە، ببینن و کە کەڕەنا لێدرا، گوێ بگرن.
[4] چونکە یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت: «هێمن دەبم و لە نشینگەی خۆمەوە تەماشا دەکەم وەک گەرمایەکی ڕوون لە بەر هەتاودا، وەک هەوری خوناو لە گەرمای دروێنەدا.»
[5] چونکە پێش ترێ ڕنین لە کاتی تەواو چرۆکردن و کاتێک گوڵەکان دەبن بە پەسیرەی گەییو، چڵەکان بە داس دەبڕێتەوە و لقەکان لێ دەکاتەوە و فڕێیان دەدات.
[6] پێکەوە بەجێدەهێڵدرێن بۆ بازەکانی چیا و بۆ گیانلەبەرە کێوییەکانی زەوی، بازەکان هاوینیان پێ بەسەردەبەن و هەموو گیانلەبەرە کێوییەکانی زەویش زستانیان پێ بەسەردەبەن.
[7] لەو ڕۆژەدا دیاری پێشکەش بە یەزدانی سوپاسالار دەکرێت، لە گەلێکی باڵا بەرز و کۆسە، گەلێکی ترسناک، دوور و نزیک، نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار، ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە زەوییەکەی، بۆ شوێنی ناوی یەزدانی سوپاسالار لە کێوی سییۆن.