[1] قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و ئەو تۆمارکارانەی ستەم تۆمار دەکەن،
[2] بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن، بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و هەتیوانیش تاڵان بکەن.
[3] لە ڕۆژی سزا چی دەکەن، کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟ بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟
[4] بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و کەوتن لەژێر کوژراوەکان. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
[5] «قوڕبەسەر ئاشور، داردەستی تووڕەییم، هەڵچوونم گۆچانە بە دەستیەوە.
[6] بۆ سەر نەتەوەیەکی خوانەناس دەینێرم، فەرمانی پێدەدەم بۆ سەر ئەو گەلەی تووڕەییم لێی دەجۆشێت، تاکو دەستکەوتی دەست بکەوێت و تاڵان بکات، هەتا بیکات بە پێشێلکراو وەک قوڕی کۆڵانان.
[7] بەڵام ئەو وا بیر ناکاتەوە، دڵی وا لێکیان ناداتەوە، چونکە لە دڵیدایە وێران بکات، گەلانێک ببڕێتەوە کە کەم نین.
[8] چونکە دەڵێت: ”ئایا هەموو میرەکانم پاشا نین؟
[9] ئایا کەلنۆ وەک کەرکەمیش نییە؟ یان حەمات وەک ئەرپاد؟ یان سامیرە وەک دیمەشق؟
[10] وەک چۆن دەستم بە شانشینی بتەکان گەیشت و وێنەی بتەکانیان زۆرترن لەوانەی ئۆرشەلیم و لەوانەی سامیرە.
[11] ئایا وەک ئەوەی بە سامیرە و بە بتەکانی ئەوم کرد، وا بە ئۆرشەلیم و بە وێنەی بتەکانی ناکەم؟“»
[12] دوای ئەوەی پەروەردگار هەموو ئیش و کارەکەی لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم تەواو دەکات، دەڵێت: «سزای بەروبوومی بەفیزی دڵی پاشای ئاشور و شانازی لووتبەرزییەکەی دەدەم،
[13] چونکە دەڵێت: «”بە توانای دەستی خۆم کردم و بە داناییەکەم، چونکە تێگەیشتووم، سنووری گەلانم گواستەوە و گەنجینەکانی ئەوانم تاڵان کرد، وەک دلێرێک پاشاکانی ئەوانم ملکەچ کرد،
[14] دەستم گەیشتە سامانی گەلان، وەک چۆن دەست دەگاتە هێلانە؛ وەک کۆکردنەوەی هێلکەی بەجێماو، هەموو زەویم کۆکردەوە، کەسیش نەبوو باڵی لێک بدات یان دەمی بکاتەوە و ورتەیەکی لێ بێت.“»
[15] تەور شانازی دەکات بەسەر ئەو کەسەی پێی دەبڕێتەوە، یان مشار خۆی بە زل دەزانێت بەسەر ئەو کەسەی دەیبات و دەیهێنێت؟ وەک ئەوەی داردەست هەڵگرەکەی ڕاوەشێنێت وەک ئەوەی گۆچان ئەو کەسە بەرز بکاتەوە کە دار نییە.
[16] لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار لەڕی دەنێرێتە ناو پاڵەوانە بەهێزەکان، لەژێر شکۆمەندییەکەشی پشکۆیەک دادەگیرسێنێت وەک داگیرسانی ئاگر.
[17] ڕووناکی ئیسرائیل دەبێت بە ئاگر و پیرۆزەکەشی بە گڕ، دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی لە یەک ڕۆژدا.
[18] چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات، گیان و لەش پێکەوە وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.
[19] پاشماوەی داری دارستانەکانی ئەوەندە کەم دەبن منداڵێک دەتوانێت بیانژمێرێت.
[20] لەو ڕۆژەدا، پاشماوەی ئیسرائیل و دەربازبووەکانی بنەماڵەی یاقوب، چیتر پشت نابەستن بەوانەی لێیان دەدەن، بەڵکو بەڕاستی بە یەزدان و بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل پشت دەبەستن.
[21] پاشماوە دەگەڕێتەوە، پاشماوەی یاقوب بۆ لای خودای توانادار.
[22] چونکە ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەلت بەقەد لمی دەریا بێت، تەنها پاشماوەی لێ دەگەڕێتەوە. بڕیاری قڕبوون دراوە، لافاوی ڕاستودروستییە.
[23] یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار بڕیاری وێرانکردنی هەموو خاکەکە جێبەجێ دەکات.
[24] بەڵام یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەی گەلی من کە لە سییۆن دانیشتووی، لە ئاشور مەترسە کە بە داردەست لێت دەدات و گۆچانەکەی لێت بەرز دەکاتەوە لەسەر شێوازی میسرییەکان.
[25] چونکە بەم زووانە هەڵچوونم لەسەر ئێوە نامێنێت و تووڕەییم بۆ لەناوچوونی ئەوان دەبێت.»
[26] یەزدانی سوپاسالار بە قامچی لێی دەدات وەک لێدانەکەی میدیان لەلای تاشەبەردی عۆرێڤ و گۆچانەکەی بەسەر دەریاوەیە لەسەر شێوازی میسرییەکان بەرزی دەکاتەوە.
[27] جا لەو ڕۆژەدا، باری لەسەر شانت لادەچێت و نیری لەسەر ملت، لەبەر قەڵەوبوونت نیر دەتەقێت.
[28] گەیشتە عەییات، لە میگرۆن پەڕییەوە، لە میخماس کەلوپەلەکانی خۆی دانا.
[29] ئەوان لە دەربەندەکە دەپەڕنەوە و دەڵێن: «گەڤەع شوێنی شەو مانەوەیە.» ڕامە داچڵەکی، گیڤعای شاول هەڵات.
[30] ئەی دانیشتووانی شاری گەلیم، بە دەنگی خۆت بحیلێنە! ئەی لەیشا، گوێ بگرە! داماوە عەناتۆت.
[31] مەدمێنا ڕایکردووە، خەڵکی گێڤیم پەناگیر بوون.
[32] ئەمڕۆ لە نۆڤ دەوەستن، بە ڕاوەشاندنی دەست هەڕەشە دەکەن لە کێوەکەی شاری سییۆن، لە گردەکەی ئۆرشەلیم.
[33] ئەوەتا یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار بە هێزێکی تۆقێنەر لق دەبڕێتەوە. باڵا بەرزەکان دەبڕدرێنەوە، لووتبەرزەکان نزم دەکرێن.
[34] چڕی دارستانەکان بە تەور دەبڕێتەوە، لوبنانیش بەرامبەر بە خودای توانادار دەکەوێت.