Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:11

[1] قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی، پشت بە ئەسپ دەبەستن، متمانە بە زۆری گالیسکە و هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن، بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و داوای یەزدانیان نەکرد.

[2] ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت، لە وشەی خۆی با ناداتەوە. هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.

[3] بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا، ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح. کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات، یارمەتیدەر ساتمە دەکات و یارمەتیدراو دەکەوێت، هەموو پێکەوە لەناودەچن.

[4] ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت: «وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت بەسەر نێچیرەکەیەوە، ئەوەی کۆمەڵە شوان هاواری لێ دەکەن، لە دەنگیان ناترسێت و لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت، ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.

[5] وەک باڵندە فڕیوەکان، ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات، پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت، بەسەریدا تێدەپەڕێت و دەربازی دەکات.»

[6] بگەڕێنەوە لای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل بە قووڵی لێی هەڵگەڕانەوە،

[7] چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.

[8] «ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا، شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات. جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.

[9] قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت، میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،» یەزدان دەفەرموێت، ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.

ئیشایا — Chapters