[1] سروشێک سەبارەت بە میسر: ئەوەتا یەزدان بەسەر هەورێکی خێراوە بەرەو میسر دێت. بتەکانی میسر لە ڕووی ئەودا دەلەرزن، دڵی میسریش لە ناخیدا دەتوێتەوە.
[2] «میسرییەکان لە دژی میسرییەکان هاندەدەم، هەرکەسە لە دژی برای خۆی شەڕ دەکات، هەرکەسە لە دژی هاوڕێی خۆی، شار لە دژی شار و شانشین لە دژی شانشین.
[3] میسر ڕۆحی تێدا نامێنێت، ڕاوێژەکەی هەڵدەلووشم، داوا لە بتەکان و لە نوشتەکەران دەکەن، لە نێوانگرەکان و لە ڕۆح ئامادەکاران.
[4] میسرییەکان ڕادەستی گەورەیەکی دڵڕەق دەکەم و پاشایەکی توندوتیژ فەرمانڕەوایەتییان دەکات،» یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.
[5] ئاوی نیل وشک دەبێت، ڕووبارەکەش کاول دەبێت و وشک دەبێت.
[6] نۆکەندەکان بۆن دەکەن، لقەکانی نیل کز دەبن و کاول دەبن. قامیش و زەل بۆگەن دەبن،
[7] سەوزایی لەسەر نیل، لە ڕێژگەی ڕووبارەکە. هەموو ئەوەی لەسەر نیل چانراوە وشک دەبێت، هەڵدەوەرێت و نامێنێت.
[8] ماسیگرەکان ئاخ هەڵدەکێشن و شین دەگێڕن، هەموو ئەوانەی قولاپ هەڵدەدەنە ناو نیلەوە، ئەوانەی تۆڕ لەسەر ڕووی ئاوەکان بڵاو دەکەنەوە ورەیان نامێنێت.
[9] کارگەران لە کەتانی ئامادەکراو بێ ئومێد دەبن، جۆڵاکانیش ڕوو زەرد دەبن.
[10] جۆڵاکانی میسر وردوخاش دەبن و هەموو کرێکارەکانی خەمبار دەبن.
[11] بێگومان میرەکانی چۆعەن گێلن: دانا ڕاوێژکارەکانی فیرعەون ڕاوێژەکانیان ئاژەڵانەیە. چۆن بە فیرعەون دەڵێن: «کوڕی دانایانم من، کوڕی پاشا دێرینەکان»؟
[12] کەواتە کوا داناکانت؟ با پێت بڵێن و با بزانن، یەزدانی سوپاسالار پلانی چی داناوە لە دژی میسر.
[13] میرانی چۆعەن گێل بوون، میرانی مەمفیس چەواشە کران، پیاوماقوڵانی هۆزەکانی میسریان گومڕا کرد.
[14] یەزدان ڕۆحی گێژبوونی تێدا تێکەڵ کردووە، میسریان گومڕا کرد لە هەموو کردارەکانی وەک گومڕاکردنی سەرخۆش لەناو ڕشانەوەکەی.
[15] هیچ کارێک نابێت لە میسر کە سەر یان کلک، دار خورما یان زەل، بیکات.
[16] لەو ڕۆژەدا میسرییەکان وەک ژنیان لێدێت، لە ترسان دەلەرزن، کاتێک یەزدانی سوپاسالار دەستی لێیان بەرز دەکاتەوە.
[17] میسرییەکان لە خاکی یەهودا دەتۆقن، هەموو ئەوەی بەبیری بێتەوە لە یەهودا دەترسێت، لەبەر ئەو پلانەی یەزدانی سوپاسالار لە دژی دایدەڕێژێت.
[18] لەو ڕۆژەدا پێنج شار دەبێت لە خاکی میسردا کە بە زمانی کەنعانی بدوێن و بە یەزدانی سوپاسالار سوێند دەخۆن، یەکێکیان پێی دەگوترێت «شاری خۆر» .
[19] لەو ڕۆژەدا، لە ناوەڕاست خاکی میسردا قوربانگایەک بۆ یەزدان دەبێت و ستوونێکیش لەسەر سنوورەکەی بۆ یەزدان.
[20] جا دەبێتە نیشانە و شایەتی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە خاکی میسردا، چونکە هاوار بۆ یەزدان دەکەن لە ڕووی زۆردار، ئەویش ڕزگارکەر و پارێزەریان بۆ دەنێرێت و دەربازیان دەکات.
[21] ئینجا یەزدان لە میسر ناسراو دەبێت، لەو ڕۆژەدا میسرییەکان یەزدان دەناسن و بە قوربانی و پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەیپەرستن و نەزر بۆ یەزدان دەکەن و بەجێی دەهێنن.
[22] یەزدان لە میسر دەدات، لێیان دەدات و چاکیشیان دەکاتەوە، دەگەڕێنەوە لای یەزدان و وەڵامیان دەداتەوە و چاکیان دەکاتەوە.
[23] لەو ڕۆژەدا شاڕێگایەک لە میسرەوە بەرەو ئاشور دەبێت، جا ئاشورییەکان دێنە میسر و میسرییەکانیش دێنە ئاشور، میسر لەگەڵ ئاشور پێکەوە خزمەت دەکەن.
[24] لەو ڕۆژەدا ئیسرائیل دەبێتە یەکێک لە سێیەکە، لەگەڵ میسر و ئاشور، دەبنە بەرەکەت لە خاکەکە.
[25] ئەوەی یەزدانی سوپاسالار بەرەکەتداریان دەکات و دەفەرموێت: «بەرەکەتدار بێت میسری گەلی من و ئاشوری دەستکردی من و ئیسرائیلی میراتی من.»