Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:32

[1] «ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن! با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە! با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن، با پێکەوە بچینە دادگاییکردن.

[2] «کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە، ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟ نەتەوەکانی دەداتە پێشی، پاشایان ژێردەستەی دەکات. بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات، بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو.

[3] ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت، بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون.

[4] کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە، لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟ من یەزدانم، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.»

[5] دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن، هەر چوار لای زەوی دەلەرزن، نزیک بوونەوە و دێن،

[6] هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات، بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!»

[7] دارتاش زێڕنگەر هاندەدات، ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت، بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.» بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت.

[8] «بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم، ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە، توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم،

[9] ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت، لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و بە تۆم گوت: ”تۆ بەندەی منیت،“ تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە.

[10] مەترسە، چونکە لەگەڵتدام، مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم. بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم، بە دەستە ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم.

[11] «ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن، وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن ئەوانەی دژایەتیت دەکەن.

[12] بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت. ئەوانەی لە دژت دەجەنگن وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن،

[13] چونکە من یەزدانم، خودای تۆ، ئەوەی دەستە ڕاستی گرتوویت، ئەوەی پێت دەڵێت، مەترسە، من یارمەتیت دەدەم.

[14] مەترسە ئەی یاقوبی کرم، ئەی ئیسرائیلی بچووک، من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

[15] «ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی تیژی نوێی دداندار. چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت، گردەکان وەک کا لێ دەکەیت.

[16] شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت، ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات، بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت، شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت.

[17] «کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە، لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو. بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم، خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.

[18] ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم، کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم. چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو، زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.

[19] داری ئورز و ئەکاسیا و مۆرد و زەیتوون لە چۆڵەوانی دەڕوێنم، داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە لە بیابان دادەنێم،

[20] بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و سەرنج بدەن و تێبگەن کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»

[21] یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.» پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم.

[22] بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن ئەوەی ڕوودەدات. ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن، با مێشکمان بخەینە سەری و بزانین کۆتاییەکەیان چییە. یان داهاتوومان پێ بڵێن،

[23] ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن، هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە، هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین.

[24] بەڵام ئێوە هیچن و کارەکانتان لە هیچ کەمترن، قێزەون ئێوە هەڵدەبژێرێت.

[25] «لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات. لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات، بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا، وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت.

[26] کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین، پێش وەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“ بێگومان ڕاگەیەنەر نییە، بێگومان بەگوێدادەر نییە، بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە.

[27] سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“ بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا.

[28] بینیم کەس نییە، ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە.

[29] تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن! کارەکانیان هیچ نین، بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.

ئیشایا — Chapters