[1] بەرخ وەک سەرانە بنێرن بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە، لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا بەرەو چیاکەی شاری سییۆن.
[2] وەک باڵندەی هەڵاتوون وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت، کچانی مۆئاب لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن.
[3] «ڕاوێژ بکە، دادوەری ئەنجام بدە، لە قرچەی نیوەڕۆدا سێبەرت وەک شەوی لێ بکە. دەرکراوەکان بشارەوە، هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە.
[4] با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە، لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.» کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت، کاولبوون نامێنێت، پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن.
[5] بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت، یەکێک لە بنەماڵەی داود دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری، دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت.
[6] لووتبەرزی مۆئابمان بیست، لووتبەرزییەکی زۆر، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی، بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن.
[7] لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن، سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن. ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان، بۆ نانی کشمیشی قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن.
[8] چونکە کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون، هەروەها ڕەزەکەی سیڤما. گەورەکانی نەتەوەکان شا مێوەکانییان شکاند، کە گەیشتبووە یەعزێر و پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی. لقەکانی درێژ ببوونەوە و لە دەریا پەڕیبوونەوە.
[9] لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم بۆ ڕەزەکەی سیڤما، بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ! چونکە لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت هەراوزەنای جەنگ هات.
[10] خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە، لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت، شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت، هوتاف کپ بوو.
[11] لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت، ناخیشم بۆ قییر حەراسەت.
[12] جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت، ماندوو دەبێت. کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات، قبوڵ نابێت.
[13] ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو.
[14] ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»