[1] سروشێک سەبارەت بە سور: واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش! چونکە سور کاول کراوە، نە خانوو نە بەندەری بە ئێوەی نەماوە، لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا.
[2] بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و بازرگانانی سەیدا، ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت.
[3] دانەوێڵەی شیحۆر لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات، داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە، جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان.
[4] شەرمەزار بە ئەی سەیدا! چونکە دەریا گوتی، قەڵای دەریا گوتی: «نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو، نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.»
[5] کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات، بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت.
[6] بپەڕنەوە بۆ تەرشیش، واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە!
[7] ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان، ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە، ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن بۆ ئاوارە بوون؟
[8] کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت، ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون، فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟
[9] یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک، بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی.
[10] ئەی دانیشتووانی تەرشیش، زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن، ئیتر بەندەر نەما.
[11] یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و شانشینەکان تۆقین. لە دژی فینیکیا فەرمانی دا بۆ کاولبوونی قەڵاکانی.
[12] فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت، ئەی سەیدای کچە پاکیزە ، ئێستا پێشێل کراویت! «هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە، لەوێش حەوانەوەت نابێت.»
[13] ئەوەتا خاکی بابلییەکان، گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت! ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان . قوللەکانیان دروستکرد، قەڵاکانیان ڕووخاند، کردیان بە کاولگە.
[14] ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن، چونکە قەڵاکانتان کاول بوون.
[15] لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت:
[16] «دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو! باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.»
[17] جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات.
[18] بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن.