[1] چونکە ئەوەتا پەروەردگار، یەزدانی سوپاسالار، بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت پاڵپشتی و پشتگیری، هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
[2] پاڵەوان و جەنگاوەر، دادوەر و پێغەمبەر و فاڵگرەوە و پیر و
[3] سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان، ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.
[4] مێردمنداڵان دەکەم بە میریان، منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.
[5] گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن، هەرکەسە و لە هاوڕێکەی. مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە، چروکیش لە سەنگین.
[6] چونکە پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت لە ماڵی باوکی و دەڵێت: «تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
[7] لەو ڕۆژەدا دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەڵێت: «نابم بە چارەساز، نان و بەرگ لە ماڵەکەم نییە. مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»
[8] ئۆرشەلیم شکست دەخوات و یەهوداش دەکەوێت، چونکە زمانیان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە، بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
[9] دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات، وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن، نایشارنەوە. قوڕبەسەریان، چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!
[10] بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
[11] قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت، چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.
[12] منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن. گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و ڕێگای هاتوچۆی تۆیان تێکداوە.
[13] یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت، هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
[14] یەزدان دەست بە دادوەری دەکات، لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان: «ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا، ڕووتانەوەی هەژاران لە ماڵەکانتانە.
[15] ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و ڕووی هەژاران دەهاڕن؟» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
[16] یەزدان دەفەرموێت: «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون، گەردنیان دەرخستووە و بە چاوبازییەوە دەڕۆن، بە لارولەنجەوە دەڕۆن بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
[17] لەبەر ئەوە پەروەردگار تەپڵی سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات، یەزدان ڕووتی ئەوان بەدەردەخات.»
[18] لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە،
[19] گوارە و بازن و پەچە،
[20] سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە،
[21] ئەنگوستیلە و خەزێم،
[22] جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و
[23] ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.
[24] جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەنی و لە جێی کەمەربەند گوریس و لە جێی پرچی بە ئەگریجە سەری ڕووتاوە و لە جێی بەرگی گرانبەها گوش لەبەر دەکەن، نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
[25] پیاوەکانتان بە شمشێر و پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
[26] جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن، بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.