[1] «دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە، ئەی بابلی کچە پاکیزە . بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە، کچی بابلییەکان، چونکە چیتر پێت ناگوترێت ناسک و نازدار.
[2] دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە، عەبات فڕێبدە، دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە، لە ڕووبارەکان بپەڕەوە.
[3] ڕووتیت دەردەکەوێت، هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت. تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و لە کەس نابوورم.»
[4] ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە، پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
[5] «بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە، شاری شاهانەی بابلییەکان، چونکە چیتر پێت ناگوترێت شاژنی شانشینەکان.
[6] تووڕە بووم لە گەلی خۆم و میراتی خۆمم گڵاوکرد. ئەوانم دا بە دەست تۆوە، تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت. تەنانەت لەسەر پیرەکانیش نیری خۆتت زۆر قورس کرد.
[7] گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە دەبمە شاژن!“ بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە، بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە.
[8] «ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی، ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی، ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ”هەر خۆم و بەس! نە بێوەژن دەبم و نە سک سووتاوی دەزانم.“
[9] لەپڕ لە یەک ڕۆژدا ئەم دووانەت بەسەردێت، سک سووتان و بێوەژنیێتی. بە تەواوی بەسەرت دێت، سەرەڕای زۆری جادووگەری و سەرەڕای لە ڕادەبەدەری نوشتە کردنت.
[10] پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و گوتت: ”کەس نامبینێت.“ داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا، لە دڵی خۆتدا گوتت: ”هەر خۆم و بەس.“
[11] خراپەیەکت بەسەرهاتووە، سەرهەڵدانەکەی نازانیت، بەڵایەکت بەسەردێت. ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە، لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت پێی نازانیت.
[12] «جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و بە زۆری جادووگەریت، ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت، بەڵکو سوودی هەبێ بۆت، بۆ ئەوەی بیانترسێنیت!
[13] هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت! با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە، ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن، با ئەوانە ڕزگارت بکەن لەوەی بەسەرت دێت.
[14] ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت، ئاگر دەیانسووتێنێت. لە دەست بڵێسە فریای گیانی خۆیان ناکەون. ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە، ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە.
[15] ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و پێیانەوە ماندوو بوویت، بەو دەردە دەچن. هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت، کەس نییە ڕزگارت بکات.