[1] بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن، گوێشی گران نییە بۆ بیستن،
[2] بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست لەنێوان ئێوە و خوداتان، گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە تاکو گوێتان لێ نەگرێت.
[3] لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و پەنجەکانیشتان بە تاوان، لێوەکانتان بە درۆ دوان و زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە.
[4] کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات. پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن. بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت.
[5] هێلکەی ماریان هەڵهێنا، تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن. ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت، ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن.
[6] تەونەکانیان نابێتە بەرگ و خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن، کردارەکانیان کرداری خراپەن و کردەوەی دەستیان ستەمە.
[7] پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن، پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان. بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە، وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە.
[8] ڕێگای ئاشتی پێنازانن، دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان. ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد، هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن.
[9] لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوورکەوتەوە و ڕاستودروستی پێمان ناگات. چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت، بە هیواین ڕۆشنایی بێت، بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین.
[10] وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین، وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین. لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین، لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین.
[11] هەموومان وەک ورچ دەباڕێنین، وەک کۆتر دەگمێنین، چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە، بە هیوای ڕزگارین، بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە.
[12] بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون، گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن. یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون، دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین:
[13] یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان، لادان لە ڕێگای خودای خۆمان، هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە، دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن.
[14] دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت. ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتوو و ڕاستگۆیی ڕێگا نادرێت بێتە ژوورەوە.
[15] ڕاستی ون بووە و ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر. یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو کە دادپەروەری نەبوو.
[16] بینی کەس نەبوو، سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو. بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین، ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد.
[17] ڕاستودروستی وەک سپەر لەبەرکرد و کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری، بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد، دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا.
[18] بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت، سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات، بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات.
[19] خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی، چونکە یەزدان وەک لافاو دێت، بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت.
[20] «ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن، بۆ لای ئەوانەی نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.» q4 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
[21] یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،» q4 یەزدان دەفەرموێت.