Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:17

[1] چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت، لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.

[2] ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە، ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن، ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی، ڕۆحی زانین و لەخواترسی،

[3] بە لەخواترسی شادمان دەبێت. بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات، بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،

[4] بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات. بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات، بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.

[5] ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.

[6] گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت، پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە، گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.

[7] مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن، بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە، شێر وەکو گا کا دەخوات.

[8] کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات، لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.

[9] خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم، چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

[10] لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت.

[11] لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش ، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.

[12] ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە لە هەر چوار لای زەوییەوە.

[13] بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە، ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.

[14] پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن. ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن، عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.

[15] یەزدان کەنداوی دەریای میسر تێکوپێک دەدات، بە بایە سووتێنەرەکەی دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا، لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.

[16] دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.

ئیشایا — Chapters