Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:26

[1] لە ساڵی هاتنی فەرماندە گشتییەکە بۆ ئەشدۆد، کاتێک سەرگۆنی پاشای ئاشور ناردی و لەگەڵ ئەشدۆد جەنگا و گرتی،

[2] لەو کاتەدا یەزدان لە ڕێگەی ئیشایای کوڕی ئامۆچەوە قسەی کرد و فەرمووی: «بڕۆ جلوبەرگە گوشەکە لە کەمەرت بکەرەوە و پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە.» ئەویش بەم جۆرەی کرد و بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت.

[3] ئینجا یەزدان فەرمووی: «وەک ئەوەی ئیشایای بەندەم بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت، ئەمە نیشانە و پەندە لەسەر میسر و لەسەر کوش،

[4] پاشای ئاشوریش بۆ ڕیسوایی میسر بەم جۆرە ڕاپێچکراوانی میسر و دیلەکانی کوش، گەنج و پیر بە ڕووتی و پێ خاوسی و سمت ڕووتی دەداتە پێش خۆی.

[5] دەتۆقن و شەرمەزار دەبن لەبەر کوش کە مایەی هیوایان بوو و لەبەر میسر کە مایەی شانازییان بوو.

[6] جا دانیشتووی ئەم کەنارە لەو ڕۆژەدا دەڵێت: ”ئەوەتا ئاوایە پەناگاکەمان کە بۆ ئەوێ هەڵاتین بۆ یارمەتی بۆ ئەوەی لە ڕووی پاشای ئاشور فریامان بکەوێت! ئیتر ئێمە چۆن دەرباز دەبین؟“»

ئیشایا — Chapters