Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:35

[1] ئەی نەتەوەکان نزیک بنەوە هەتا گوێ بگرن، ئەی نەتەوەکان گوێ شل بکەن! با زەوی و هەرچی تێیدایە گوێ بگرێت، جیهان و هەموو بەرهەمەکانی،

[2] چونکە تووڕەیی یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکانە، هەڵچوونی لەسەر هەموو سوپاکانیانە. بە تەواوی قڕی کردوون ، بەدەستەوەی داون بۆ سەربڕین.

[3] کوژراوەکانیان فڕێدەدرێن، تەرمەکانیان بۆنی بۆگەن دەردەکات و چیاکان لەناو خوێنی ئەوان دەتوێنەوە.

[4] خۆر و مانگ و ئەستێرەکان دەتوێنەوە، ئاسمان وەک تۆمارێک دەپێچرێتەوە. هەموو ئەستێرەکان هەڵدەوەرن، وەک هەڵوەرینی گەڵای مێو، وەک وەرینی هەنجیر لە دارەکەی.

[5] شمشێری من لە ئاسمان تێر ئاو بووە، وا دادەبەزێتە سەر ئەدۆم و بەسەر گەلێک بە نەفرەتم کردووە بۆ حوکم بەسەردادان.

[6] یەزدان شمشێرێکی هەیە خوێنی لێ دەتکێت، قەڵەو بووە بە پیو ، بە خوێنی بەرخ و تەگە، بە پیوی گورچیلەی بەرانەکان، چونکە یەزدان قوربانی سەربڕاوی هەیە لە بۆزرا و سەربڕینێکی گەورەی هەیە لە خاکی ئەدۆم.

[7] گای کێوی لەگەڵیان دەکەون، گوێرەکەکان لەگەڵ کەڵەگاکان، زەوییان بە خوێن ئاو دەدرێت، خۆڵیان بە پیو قەڵەو دەبێت.

[8] چونکە یەزدان ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی هەیە، ساڵی سزادان لەبەر کێشەکەی سییۆن.

[9] جا ڕووبارەکانی ئەدۆم دەبن بە قیڕ و خۆڵەکەی بە گۆگرد، زەوییەکەی دەبێت بە قیڕی داگیرساو!

[10] شەو و ڕۆژ ناکوژێتەوە، دووکەڵی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. نەوە دوای نەوە کاول دەبێت، بۆ هەتاهەتایە کەس پێیدا تێناپەڕێت.

[11] کوندەپەپووی بیابان و بایەقووش داگیری دەکەن، کوندەپەپووی گەورە و قەلەڕەش تێیدا نیشتەجێ دەبن. بەسەر ئەدۆمدا خودا گوریسی پێوانە بۆ خاپوور بوون و شاووڵی چۆڵبوون درێژ دەکات.

[12] خانەدانەکانی هیچیان لەوێ نابێت کە بە شانشینێک دادەنرێن، هەموو میرەکانی لەناودەچن.

[13] دڕک لە کۆشکەکانی شین دەبێت، چقڵ و وشترالووک لە قەڵاکانی. دەبێت بە مۆڵگای چەقەڵ و لانەی کوندەپەپوو.

[14] دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار پێکدەگەن، تەگە بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن، شەو لەوێ ئارام دەگرێت و جێی حەوانەوە بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.

[15] لەوێ کوندەپەپوو هێلانە دەکات و هێلکە دەکات، کڕ دەکەوێت و لەژێر سێبەری باڵەکانی هەڵیدەهێنێت. لەوێ شاهین و شمقاڕ کۆدەبنەوە، هەریەکە و لەگەڵ تاکەکەی.

[16] تۆمارەکەی یەزدان بپشکنن و بخوێننەوە: یەکێک لەمانە کەم نابێتەوە، هیچ مێینەیەک نێرەکەی خۆی ون ناکات، چونکە دەمی ئەو فەرمانی داوە، ڕۆحی ئەو کۆیان دەکاتەوە.

[17] ئەو تیروپشکی بۆ کرد، دەستی ئەو بە پەت بۆی بەش کرد. بۆ هەتاهەتایە داگیری دەکەن، نەوە دوای نەوە تێیدا نیشتەجێ دەبن.

ئیشایا — Chapters