Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:14

[1] سروشێک سەبارەت بە چۆڵەوانی نزیکی دەریا : وەک گەردەلوول لە باشوور هەڵدەکات، لە چۆڵەوانییەوە دێت، لە خاکێکی ترسناک.

[2] ئەم بینینە ترسناکەم بۆ ئاشکرا کراوە: ناپاک ناپاکی دەکات و تاڵانکەر تاڵان دەکات. سەربکەوە ئەی ئیلام! گەمارۆ بدە ئەی میدیا! کۆتاییم هێنا بە هەموو ئاخ هەڵکێشانەکەی.

[3] لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار، ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون، سەرسام بووم لە گوێگرتن، واقم وڕما لە بینین.

[4] سەرم لێ شێوا، ترس منی لەرزاند، زەردەپەڕی خۆشی منی کردە تۆقین.

[5] خوان ئامادە دەکەن، ڕایەخ ڕادەخەن، دەخۆن و دەخۆنەوە! هەستن ئەی میران! قەڵغان چەور بکەن!

[6] پاشان پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «بڕۆ ئێشکگر بە پێوە ڕابگرە، ئەوەی دەیبینێت با ڕایبگەیەنێت.

[7] کاتێک چەند گالیسکەیەک دەبینێت، لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت، سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر، با بە تەواوی گوێی شل بکات، زۆر شلی بکات.»

[8] ئینجا ئێشکگرەکە هاواری کرد: «گەورەم، من بەردەوام بە ڕۆژ بە پێوە لەسەر قوللەی چاودێرییەکە ڕاوەستاوم، هەموو شەوان لە بنکەی پاساوانیێتیم، من دامەزراوم.

[9] ئەوەتا پیاوێک بە سواری گالیسکە هاتووە، لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت. وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ”کەوتووە، بابل کەوتووە! هەموو وێنەی خوداوەندەکانی بەرەو زەوی شکان!“»

[10] ئەی خەڵکینە، کە لەسەر جۆخین جەنجەرکراون، ئەوەی لە یەزدانی سوپاسالارەوە بیستوومە لە خودای ئیسرائیلەوە پێتان ڕادەگەیەنم.

[11] سروشێک سەبارەت بە دوما: لە سێعیرەوە هاوارم بۆ دەکرێت، «ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟ ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟»

[12] ئێشکگرەکەش وەڵام دەداتەوە: «بەیانی دێت، هەروەها شەویش. ئەگەر داواکارن، داوا بکەن، بگەڕێنەوە، وەرن.»

[13] سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان: ئەی کاروانی دیدانییەکان، ئەوانەی لەنێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن،

[14] بەرەوپیری تینوو، ئاو بهێنن. ئەی دانیشتووانی خاکی تێما، بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵاتوو بچن،

[15] چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون، لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو، لە ڕووی کەوانی توندکراو، لە ڕووی سەختی جەنگ.

[16] پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «دوای یەک ساڵی ڕەبەق، هەموو شکۆمەندی قێدار بەسەردەچێت و

[17] پاشماوەی پاڵەوانە کەوان بەدەستەکانی نەوەی قێدار ژمارەیان کەم دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمووی.»

ئیشایا — Chapters