[1] قوڕبەسەرت تێکدەر، کە خۆت تێکنەدراویت! قوڕبەسەرت تاڵانکەر، کە تاڵانیان نەکردوویت! کاتێک لە تێکدان تەواو دەبیت خۆت تێکدەدرێیت، کاتێک لە تاڵان بوویتەوە خۆت تاڵان دەکرێیت.
[2] ئەی یەزدان، لەگەڵماندا میهرەبان بە، هیوامان بە تۆیە. هەموو بەیانییەک ببە هێزمان و هەروەها ڕزگاریمان لە کاتی تەنگانەدا.
[3] لە نەڕەی دەنگت گەلان ڕایانکرد، کە ڕاپەڕیت نەتەوەکان پەرت بوون.
[4] ئەی نەتەوەکان، دەستکەوتەکانتان کۆ دەکرێنەوە وەک چۆن کوللە لە دەغڵ دەدات، وەک ڕەوە کوللە خەڵک ڕووتتان دەکەنەوە.
[5] یەزدان پایەبەرزە، چونکە نیشتەجێی بەرزاییە، سییۆن لە ڕاستودروستی و دادپەروەری پڕ دەکات.
[6] دەوڵەمەندی ڕزگاری، دانایی و زانین دەبێتە مایەی دڵنیای کاتەکانت. لەخواترسی کلیلی ئەو گەنجینەیە.
[7] ئەوەتا دلێرەکانیان لە دەرەوە دەقیژێنن، نێردراوانی ئاشتی بە تاڵی دەگرین.
[8] ڕێگاکان چۆڵ بوون، بڕانەوە ڕێبواران. پەیمان شکا و شایەتەکانی ڕەتکرانەوە و کەس بە هیچ دانانرێت.
[9] زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو، لوبنان ڕیسوا بوو، داڕزا، شارۆن وەک بیابانی عەراڤای لێهات، باشان و کارمەل ڕووتانەوە.
[10] یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا هەڵدەستم، ئێستا بە گەورە دەزانرێم، ئێستا بڵند دەکرێمەوە.
[11] بە گیا دووگیان دەبن و کاتان دەبێت، هەناسەتان ئاگرە و خۆتان دەخوات.
[12] گەلان دەبن بە گەچ، وەک چقڵی بڕاوە بە ئاگر دەسووتێنرێن.»
[13] ئەی دوورەکان گوێتان لێ بێت چیم کردووە، ئەی نزیکەکان هێزم بزانن!
[14] گوناهباران لە سییۆن تۆقین، گڵاوەکان لەرز دایگرتن: «کێ لە ئێمە لەناو ئاگری لووشدەر دەمێنێتەوە؟ کێ لە ئێمە لەناو سووتانی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؟»
[15] ئەوەی بە ڕاستودروستی هەڵسوکەوت دەکات و ڕاستی دەڵێت، ئەوەی قازانجی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و دەست لە بەرتیل وەرگرتن دەشوات، ئەوەی لە بیستنی خوێنڕشتن گوێی خۆی کەڕ دەکات و لە بینینی خراپە چاوی خۆی دەنوقێنێت،
[16] ئەو لە بەرزایی نیشتەجێ دەبێت، قەڵای چیاکان پەناگایەتی، نانی دەدرێت و ئاوی مسۆگەرە.
[17] چاوت پاشا لە جوانی خۆیدا دەبینێت، سنوورێکی فراوان دەبینن.
[18] دڵت لە تۆقین ڕادەمێنێت: «کوا خامەی نهێنی و کوا باجگر؟ کوا بەرپرسی قوللەکان؟»
[19] ئیتر گەلی دڕندە نابینن، گەلێک قسەیان ئاڵۆزە بۆ بیستن، زمانیان گرانە تێیان ناگەیت.
[20] بڕوانە سییۆن شاری جەژنمان، چاوەکانت ئۆرشەلیم دەبینن، ماڵێکی ئاسوودە، چادرێک ناگوازرێتەوە. سنگەکانی هەرگیز هەڵناکەنرێن، هیچ کام لە گوریسەکانی ناپسێن.
[21] بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت. شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت. کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت.
[22] چونکە یەزدان دادوەرمانە، یەزدان فەرزدانەرمانە، یەزدان پاشامانە، ئەو ڕزگارمان دەکات.
[23] گوریسەکانت شل بوون، بنکەی دار ئاڵای کەشتییەکەیان توند ناکەن، چارۆکە بڵاو ناکەنەوە. ئینجا دەستکەوتی زۆر دابەش کرا، شەلەکانیش تاڵانییان تاڵان کرد.
[24] دانیشتووی سییۆن ناڵێت، «نەخۆش کەوتم،» ئەو گەلەی تێیدا نیشتەجێیە تاوانەکانی بەخشراو دەبێت.