[1] چونکە یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە، لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە، نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب.
[2] گەلان دەیانگرن و دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان، دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا.
[3] ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە،
[4] ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت: زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات! خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات!
[5] یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند، داردەستی فەرمانڕەواکان،
[6] ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا، لێدانێکی بێ بڕانەوە، بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد، بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە.
[7] هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی.
[8] هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن: «لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.»
[9] جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت بۆ پێشوازی لە هاتنت، ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت، هەموو سەرکردەکانی جیهان، لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت، هەموو پاشایانی نەتەوەکان.
[10] هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن: «هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت، وەک ئێمەت لێ هات.»
[11] مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان بەدەم ئاوازی سازەکانت، لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و کرمیش دەبێتە لێفەت.
[12] چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە، ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار، کوڕی بەرەبەیان! بەرەو زەوی بڕایتەوە، ئەی بەزێنەری نەتەوەکان!
[13] تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت: «سەردەکەوم بۆ ئاسمان، لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە، لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم، لەسەر لووتکەی چافۆن.
[14] سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور، خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.»
[15] بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە، بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.
[16] ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن، لێت ورد دەبنەوە: «ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند، شانشینەکانی هەژاند،
[17] ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی، شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد، ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟»
[18] هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان، هەریەکە و لە ئارامگای خۆی.
[19] بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە. دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان کە بە شمشێر لێیان دراوە، شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن. وەک لاشەی پێشێلکراو،
[20] لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت، چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد، گەلەکەی خۆتت کوشت. توخمی خراپەکاران هەتاهەتایە ناویان نایەت.
[21] سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن لەسەر تاوانی باوکانیان، با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە.
[22] «هەڵدەستمە سەریان،» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت. «لە بابل ناو و پاشماوە و نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[23] «دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و گۆمی ئاو، بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
[24] یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی: «بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی.
[25] ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم، لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم، جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.»
[26] ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە.
[27] چونکە یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟ دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟
[28] لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات:
[29] ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن، کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا، چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە.
[30] هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە، ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و پاشماوەکەشت دەکوژرێت.
[31] ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە! ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە! چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت.
[32] چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟ «کە یەزدان سییۆنی دامەزراند، لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.»