Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:00

[1] «ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم، هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم، ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر، دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.

[2] هاوار ناکات و دەنگی بەرز ناکاتەوە و لە شەقامدا نابیسترێت.

[3] قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە. بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.

[4] نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت تاکو ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات. دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»

[5] خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی، ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت، هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی، ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن، ئەمە دەفەرموێت:

[6] «من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت، جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم، دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.

[7] بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە، بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت، لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.

[8] «من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.

[9] ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی، ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم، پێش ئەوەی سەر دەربێنێت من پێتانی دەڵێم.»

[10] ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان، دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان، گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن، ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە.

[11] با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە، گوندەکانی نشینگەی قێدار. با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن، لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن.

[12] با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن، لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن.

[13] یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە، وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت، هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت، بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت.

[14] «زۆر دەمێکە کپ بووم، بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت. بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم، هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە.

[15] چیا و گردەکان تێکدەدەم، هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم. ڕووبار دەکەمە دوورگە و گۆلاوەکان وشک دەکەم.

[16] نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن، بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن، تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی، ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ. ئەم شتانە دەکەم و بەجێیان ناهێڵم.

[17] بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن، ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“ بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.

[18] «ئەی کەڕەکان گوێ بگرن! ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن!

[19] کێ کوێرە تەنها بەندەکەم نەبێت، یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟ کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟

[20] زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە، گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.»

[21] یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی، فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.

[22] بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە، لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە، بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت، ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!»

[23] کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟

[24] کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟ ئایا یەزدان نییە کە گوناهمان دەرهەقی کرد و نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟

[25] ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن، بە جەنگێکی سەخت، لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی، سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.

ئیشایا — Chapters