Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:39

[1] لەو ڕۆژەدا، یەزدان بە شمشێرە ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی، سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە، لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە، ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.

[2] لەو ڕۆژەدا «گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:

[3] من یەزدانم، چاودێری ئەوم، هەموو ساتێک ئاوی دەدەم. نەوەک بەسەریدا بدرێت بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم.

[4] هەڵچوونم نییە. کێ دەتوانێ لە جەنگدا دڕکوداڵ بخاتە بەرپێم؟ من پێشێلی دەکەم و دەیسووتێنم، پێکەوە گڕیان تێ بەردەدەم.

[5] بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت، ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»

[6] لە داهاتوودا، یاقوب ڕەگ دادەکوتێت، ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات، ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.

[7] ئایا یەزدان لێیدان بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟ یان ئەوەندەی لێ کوشتن وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟

[8] بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد، ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.

[9] لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت، ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات، نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر بە پێوە نەمێنێت.

[10] چونکە شاری قەڵابەند تەنهایە، ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی، لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و لەوێ پاڵ دەداتەوە و لقەکانی تێکدەدات.

[11] کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن، چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە، لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.

[12] لەو ڕۆژەدا یەزدان دەیکوتێت لە ئاوەڕۆی فوراتەوە هەتا دۆڵی میسر، ئێوەش یەک بە یەک هەڵدەگیرێنەوە ئەی نەوەی ئیسرائیل.

[13] لەو ڕۆژەدا فوو بە کەڕەنایەکی گەورەدا دەکرێت، جا ونبووەکان لە خاکی ئاشور و دوورخراوەکان بۆ خاکی میسر دێن و کڕنۆش بۆ یەزدان دەبەن لە کێوی پیرۆز لە ئۆرشەلیم.

ئیشایا — Chapters