[1] ئینجا یەزدان بە نوحی فەرموو: «بە خۆت و خاووخێزانەکەتەوە بڕۆنە ناو کەشتییەکەوە، چونکە لەم نەوەیەدا تۆم بە ڕاستودروست بینیوە لەبەردەمم.
[2] لە هەموو جۆرێک لە ئاژەڵە پاکەکان، نێر و مێ، حەوت جووت لەگەڵ خۆت دەبەیت، لەو ئاژەڵانەی پاک نین، نێرینەیەک و مێینەکەی، جووتێک دەبەیت.
[3] لە باڵندەکانی ئاسمانیش حەوت جووت، لە نێر و مێیان، بۆ هێشتنەوەی ڕەگەزەکانیان لەسەرتاسەری ڕووی زەوی.
[4] دوای حەوت ڕۆژی دیکە، چل شەو و چل ڕۆژ باران بەسەر زەویدا دەبارێنم. هەموو ئەو بوونەوەرە زیندووانە لەسەر ڕووی زەوی دەسڕمەوە کە دروستم کردوون.»
[5] نوح هەموو شتێکی ئەنجام دا، بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێدا.
[6] نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو کە ئاوی لافاو لەسەر زەوی هەستا.
[7] نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی پێش ئاوی لافاوەکە چوونە ناو کەشتییەکە.
[8] لە ئاژەڵە پاک و ئاژەڵە ناپاکەکان، لە باڵندە و هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر زەوی دەخشێن،
[9] جووت جووت لە نێر و مێ، هاتنە لای نوح و چوونە ناو کەشتییەکە، هەروەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو.
[10] دوای حەوت ڕۆژەکە ئاوی لافاوەکە هاتە سەر زەوی.
[11] کاتێک نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو، لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی دووەم، لەو ڕۆژەدا هەموو سەرچاوەکانی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی تەقینەوە و دەروازەکانی ئاسمانیش کرانەوە.
[12] چل شەو و چل ڕۆژیش لەسەر زەوی باران باری.
[13] هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکە.
[14] لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان و هەموو بوونەوەرە خشۆکەکانی لەسەر زەوی دەخشێن بەپێی جۆریان و هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک.
[15] جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو چوونە ناو کەشتییەکە، بۆ لای نوح.
[16] ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست.
[17] لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە.
[18] ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت.
[19] ئاو لەسەر زەوی زۆر بەرزبووەوە هەتا هەموو شاخە بەرزەکانی ژێر هەموو ئاسمان داپۆشران.
[20] بە بەرزی پازدە باڵ ئاو لەسەر شاخەکان بەرزبووەوە، شاخەکانیش داپۆشران.
[21] ئیتر هەموو شتێکی زیندوو کە لەسەر زەوی دەجوڵایەوە لەناوچوو، لە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی و هەموو ئەو کۆمەڵە زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەجوڵانەوە، هەموو ئادەمیزادیش.
[22] هەر شتێک لەسەر وشکانی کە هەناسەی ژیان لە لووتیدا بوو، مرد.
[23] هەموو شتێکی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکانی ئاسمانیش، لەسەر زەوی سڕانەوە. تەنها نوح و ئەوانە مانەوە کە لە کەشتییەکە لەگەڵی بوون.
[24] ئاوی لافاویش سەد و پەنجا ڕۆژ لەسەر زەوی بوو.