Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:22

[1] یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.

[2] ئەمە چیڕۆکی نەوەکانی یاقوبە. یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد، کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی. یوسف بوختانە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.

[3] ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد.

[4] کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموو براکانی خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی بووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.

[5] یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە.

[6] پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە:

[7] لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەلو بووین، لەناکاو مەلوەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەلوەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»

[8] براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر زیاتر ڕقیان لێ بووەوە، لەبەر خەونەکانی و لەبەر قسەکانی.

[9] ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»

[10] کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟»

[11] براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.

[12] براکانی چوون بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان لە دەوروبەری شەخەم.

[13] ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.» ئەویش گوتی: «باشە.»

[14] ئینجا پێی گوت: «بڕۆ سەیر بکە بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد. کە یوسف چوو بۆ شەخەم،

[15] پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟»

[16] ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەراندنن؟»

[17] پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان .“» یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە.

[18] بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا هەتا بیکوژن.

[19] ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت!

[20] دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە، دەشڵێین گیاندارێکی دڕندە یوسفی خوارد. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.»

[21] کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات، گوتی: «با گیانێک نەکوژین!»

[22] ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی بۆ درێژ مەکەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی.

[23] ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەواکەیان لەبەری دادڕاند، کەوا درێژە ڕەنگینەکەی لەبەری بوو،

[24] ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، ئەمباراوەکەش بەتاڵ بوو، ئاوی تێدا نەبوو.

[25] دوای ئەوە دانیشتن بۆ نانخواردن، کە چاویان هەڵبڕی بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، وشترەکانیان بارکراون بە بەهارات و هەتووان و موڕ ، بەرەو میسر دەڕۆن.

[26] ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟

[27] وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی خۆمانی بۆ درێژ نەکەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد.

[28] کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە ڕاکێشا، بە بیست شاقل زیو بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت، ئەوانیش یوسفیان هێنایە میسر.

[29] ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی.

[30] گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟»

[31] ئەوانیش کەواکەی یوسفیان هێنا، گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەیان لە خوێن هەڵکێشا.

[32] ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە، گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟»

[33] ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.»

[34] ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی، ماوەیەکی درێژ شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا.

[35] ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە، گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان .» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی.

[36] هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتی‌فەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو.

پەیدابوون — Chapters