[1] لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات، فەرمووی: «مەترسە ئەی ئەبرام، من قەڵغانم بۆت، پاداشتت زۆر گەورەیە.»
[2] بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟»
[3] هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»
[4] لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت ئەو دەبێتە میراتگرت.»
[5] ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت بیانژمێریت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»
[6] جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا، ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.
[7] هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، هەتا ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»
[8] بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری؟»
[9] یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»
[10] ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد.
[11] ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.
[12] کە خۆریش بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە، لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەرهات.
[13] ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە.
[14] بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە.
[15] بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت.
[16] لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمورییەکان نەگەیشتووەتە ئەندازەی تەواوی خۆی.»
[17] ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و لەنێوان پارچەکاندا تێپەڕی.
[18] لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات،
[19] خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی،
[20] حیتی، پریزی، ڕفائی،
[21] ئەموری، کەنعانی، گرگاشی و یەبوسییەکان.»