[1] ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، لەو کاتەدا کە لە گەرمای ڕۆژدا لە دەرکی چادرەکەیدا دانیشتبوو.
[2] سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
[3] ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە.
[4] با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە.
[5] پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم هەتا بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.» ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.»
[6] ئیتر ئیبراهیم بە پەلە بەرەو چادرەکە چوو بۆ لای سارا و گوتی: «خێرا سێ پێوانە لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.»
[7] هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی.
[8] ئینجا دەڵەمە و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد.
[9] پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟» ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.»
[10] ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.» ساراش لە دەرگای چادرەکەی خۆیەوە کە لە پشتی ئەمەوە بوو، گوێی گرتبوو.
[11] ئیبراهیم و سارا دوو پیری بەساڵدا چووبوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو.
[12] سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا لەدوای ئەوەی لە کەڵک کەوتووم و مێردەکەم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟»
[13] ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”وا من پیر بووم، ئایا بەڕاستی منداڵم دەبێت“؟
[14] هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.»
[15] سارا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم،» چونکە ترسا. بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.»
[16] ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات.
[17] یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟
[18] لە کاتێکدا ئیبراهیم بێگومان دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز، هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن.
[19] لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە بۆ ئەوەی منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»
[20] ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاواری لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و گوناهیان زۆر گەورە بووە.
[21] ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ وەک هاوارەکەی کە هاتووەتە لای من، بە تەواوی بەم جۆرەیان کردووە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.»
[22] ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو.
[23] ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟
[24] ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و نایبەخشیت، لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی تێیدایە؟
[25] حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە! ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت. جا ڕاستودروست و خراپەکار وەک یەکیان لێبێت. دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەری ناکات؟»
[26] یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست لە شارەکەدا ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»
[27] ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا من وێرام لەگەڵ پەروەردگار قسە بکەم، منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم.
[28] ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟» فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»
[29] دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»
[30] ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟» فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»
[31] ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»
[32] ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»
[33] ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.