[1] ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد.
[2] ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەرچییەکیشی هەبوو بە دەست ئەو بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم.
[3] سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم.
[4] بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم، بۆ ئیسحاق دەهێنیت.»
[5] خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟»
[6] ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ.
[7] یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی برد، ئەوەی پێی فەرمووم و ئەوەی سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت.
[8] خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.»
[9] ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد.
[10] ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی برد و ڕۆیشت، هەموو شتە باشەکانی گەورەکەشی بە دەستیەوە بوو، هەستا و چوو بۆ میسۆپۆتامیا بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر.
[11] لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک وشترەکانی خست. دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.
[12] ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە، چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە.
[13] من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.
[14] دەبا ئەو کچەی پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت هەڵبژاردبێت بۆ خزمەتکارەکەت، بۆ ئیسحاق. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.»
[15] پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو.
[16] کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە.
[17] خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.»
[18] ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.
[19] دوای ئەوەی ئاوی دایێ، گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.»
[20] ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە هەتا ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان.
[21] پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا.
[22] کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو.
[23] ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان تێیدا بمێنینەوە؟»
[24] ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.»
[25] پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.»
[26] ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد،
[27] ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی نەهێنا لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم، من بەڕێوە بووم، یەزدان ڕێنمایی کردم بۆ ماڵی برایانی گەورەکەم.»
[28] کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند.
[29] ڕڤقەش برایەکی هەبوو ناوی لابان بوو، لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بۆ لای کانییەکە.
[30] هەرکە خەزێم و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە.
[31] ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ ئەوا من ماڵم ئامادە کردووە و شوێنیش بۆ وشترەکان.»
[32] ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون.
[33] ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.» لابانیش گوتی: «قسە بکە.»
[34] ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم،
[35] یەزدانیش گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە، مەزن بووە، مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی داوەتێ.
[36] سارای ژنی گەورەکەم لە تەمەنی پیری کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو.
[37] گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم.
[38] بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“
[39] «منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“
[40] «ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، لە کەسوکارەکەم و لە ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.
[41] ئاوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێت، کاتێک بچیتە لای کەسوکارەکەم، ئەگەر نەتدەنێ ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“
[42] «جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم،
[43] ئەوەتا من لەسەر ئەم کانیاوە ڕاوەستاوم، دەبا ئەو کچەی کە دێتە دەرەوە بۆ ئاوکێشان و پێی دەڵێم: ’تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.‘
[44] ئەویش پێم دەڵێت: ’تۆ بخۆرەوە، هەروەها ئاو بۆ وشترەکانیشت دەکێشمەوە.‘ ئەوە ئەو ژنە بێت کە یەزدان بۆ کوڕی گەورەکەمی هەڵبژاردووە.“
[45] «ئەوە بوو هێشتا قسەکەم لە دڵی خۆمدا تەواو نەکردبوو کە ڕڤقە هاتە دەرێ و گۆزەکەی لەسەر شانی بوو. ئیتر هاتە خوارێ بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد. منیش پێم گوت: ”ئاوم بدەرێ.“
[46] «ئەویش بە پەلە گۆزەکەی سەر شانی خۆی داگرت و گوتی: ”تۆ بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ منیش خواردمەوە، هەروەها وشترەکانیشی ئاو دا.
[47] «پرسیارم لێکرد و گوتم: ”تۆ کچی کێیت؟“ «ئەویش گوتی: ”کچی بتوئێلی کوڕی ناحۆرم، ئەوەی لە میلکەیە.“ «خەزێمەکەم لە لووتی کرد و بازنەکانیشم لە دەستی کرد.
[48] منیش چۆکم دادا و کڕنۆشم بۆ یەزدان برد. ستایشی یەزدانم کرد، خودای ئیبراهیمی گەورەم، کە ڕێنمایی کردم بۆ سەر ڕێگای ڕاست بۆ ئەوەی کچەزای براکەی گەورەکەم بۆ کوڕەکەی بهێنم.
[49] ئێستاش ئەگەر چاکە و وەفاداری لەگەڵ گەورەکەم دەکەن، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، خۆ ئەگەر نا، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، هەتا ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بکەم.»
[50] لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە: «ئەم کارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاک هیچت پێ بڵێین.
[51] ڕڤقە وا لەبەردەمتە، بیبە و بڕۆ، با ببێتە ژنی کوڕی گەورەکەت، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
[52] ئیتر کە خزمەتکارەکەی ئیبراهیم گوێی لە قسەکانیان بوو، کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
[53] ئینجا خزمەتکارەکە قاپی زیو و قاپی زێڕ و جلوبەرگی دەرهێنا و پێشکەشی ڕڤقەی کرد، هەروەها دیاری گرانبەهای دا بە براکەی و دایکی.
[54] ئیتر خۆی و پیاوەکانی کە لەگەڵی بوون خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مانەوە. بەیانی لە خەو هەستان و گوتی: «بمنێرنەوە بۆ لای گەورەکەم.»
[55] بەڵام براکەی و دایکی گوتیان: «با کچەکە چەند ڕۆژێک لەلامان بمێنێتەوە، بە لایەنی کەمەوە دە ڕۆژ، پاشان بکەوێتە ڕێ.»
[56] ئەویش پێی گوتن: «دوام مەخەن کە یەزدان ڕێگای بۆ سەرکەوتوو کردووم. بمنێرنەوە و دەچمەوە لای گەورەکەم.»
[57] ئەوانیش گوتیان: «کچەکە بانگ دەکەین و پرسیاری لێ دەکەین.»
[58] ئیتر ڕڤقەیان بانگکرد و لێیان پرسی: «لەگەڵ ئەم پیاوە دەڕۆیت؟» ئەویش گوتی: «دەڕۆم.»
[59] ئیتر ڕڤقەی خوشکیان و دایەنەکەی و خزمەتکارەکەی ئیبراهیم و پیاوەکانییان بەڕێکرد.
[60] داوای بەرەکەتیان بۆ ڕڤقەش کرد و پێیان گوت: «خوشکمان، پتر بن هەزار لەسەر هەزار، با نەوەکانیشت ببنە میراتگری دەروازەی ناحەزانیان.»
[61] ئینجا ڕڤقە و کەنیزەکانی هەستان و سواری وشترەکان بوون و دوای پیاوەکە کەوتن. ئیتر خزمەتکارەکە ڕڤقەی برد و ڕۆیشت.
[62] ئیسحاق کە لە خاکی نەقەب نیشتەجێ بوو، لە ڕێگای بیری لەحەی ڕۆئییەوە هاتبووەوە.
[63] ئیسحاق دەمەو ئێوارە چووە دەرەوە بۆ ناو کێڵگەکە و نوقومی بیرکردنەوە بوو، کە چاوی هەڵبڕی، بینی وا هەندێک وشتر بەرەو ڕووی دێن.
[64] ڕڤقەش چاوی هەڵبڕی و ئیسحاقی بینی. ئیتر لە وشترەکە دابەزی.
[65] بە خزمەتکارەکەی گوت: «ئەم پیاوە کێیە وا لە کێڵگەکەدا بۆ لامان دێت؟» خزمەتکارەکەش گوتی: «ئەوە گەورەکەمە.» ئەویش بە ڕووپۆشەکەی خۆی داپۆشی.
[66] ئیتر خزمەتکارەکە هەرچی کردبوو بۆ ئیسحاقی گێڕایەوە.
[67] ئیسحاقیش ڕڤقەی بردە ناو چادرەکەی سارای دایکی، هێنای و بوو بە ژنی و خۆشی ویست. ئەمەش بووە دڵنەوایی ئیسحاق لەدوای مردنی دایکی.