Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:06

[1] یاقوب چاوی هەڵبڕی و سەیری کرد وا عیسۆ و چوار سەد پیاوە دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد.

[2] هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە.

[3] خۆشی پێشیان کەوت، هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.

[4] بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان.

[5] ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟» یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»

[6] ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد،

[7] دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.

[8] عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەمووەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟» ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»

[9] بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆت هەڵیبگرە.»

[10] یاقوب گوتی: «نا، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لە دەست وەردەگریت، کە ڕووی تۆم بینی وەک ڕووی خودام بینی بێت وابوو، لێشم ڕازی بوویت.

[11] دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» ئیتر یاقوب زۆری لێکرد، عیسۆش لێی وەرگرت.

[12] ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»

[13] بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ماندوو بکرێن بە لێخوڕین ئەوا هەموو ئاژەڵەکان دەمرن.

[14] با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش لەسەر خۆ دەکەومە ڕێ، بەپێی ئەو ماڵەی پێش خۆم و بەپێی منداڵەکان، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»

[15] عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.» یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»

[16] ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر.

[17] یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت و خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا، سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.

[18] دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا.

[19] ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی.

[20] هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل ».

پەیدابوون — Chapters